بافڵ تاڵەبانی بۆ كەسوكاری زیندانیكراوانی بادینان: ئەو دۆخەی دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و ڕێگەنادەن یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکارییانە.

جەختیشدەكاتەوە كە “ڕەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێم نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەداردەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتدروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە”.

ئەم وتانە، لەمیانەی پێشوازیكردنی بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لە خانەوادەی زیندانیکراوەکانی بادینان هاتن. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بافڵ تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان لەبەرامبەر وتنی ڕاستی و داکۆکی لە مافی گشتی زیندانیکراون، ڕوونیکردەوە، لە دەڤەری بادینان ئازادییە گشتییەکان بەرتەسککراونەتەوە و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و مامۆستایان و لایەنگرانی دەرەوەی پارتی لەسەر دەربڕینی بیروبۆچوونەکانیان، هەروەها وتنی ڕاستی و داواکردنی مافەکانیان زیندانیدەکرێن و بڕیاری پێشوەختەیان لەسەر دەدرێت.

ڕاشیگەیاندووە، “ئەوە بووەتە ھۆی ئەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وێنایەکی خراپ لەسەر ھەرێم بەتایبەت ناوچەی بادینان دروستببێت و بەئاشکرا ڕەخنەمان لێبگیرێت”.

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختیكردەوە، “بەھیچ شێوەیەک ئەو دۆخەی لە بادینان دروستکراوە جێگای قبوڵکردن نییە و ڕێگەنادەین یاسا بکرێتە سێبەری داپۆشینی ئەو پێشێلکارییانە، چونکە لە ھیچ یاسایەکی دونیادا نییە زیندانی بێئەوەی دادگایی کرابێت، ساڵی زیندانییەکەی و مانەوەی لە زیندان دیاریکرابێت کە ئەمە دەستوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دژی مافی مرۆڤیشە”.

بافڵ تاڵەبانی پێشیوایە، ڕەخنە زیانی بۆ دیموکراسی و ناوبانگی ھەرێم نابێت، بەڵکو ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەکەداردەکات زیندانیکردن و کپکردنی بیروڕای جیاواز و دەستوەردانە لە دەسەڵاتی دادوەری و دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتدروستکردنە بەناوی دادگاکانەوە.

دەربارەی هەڵوێستی حزبەكەشی لەبارەی زیندانیكراوانی بادینان، بافڵ تاڵەبانی وتی، “یەکێتی لە دۆخی ئازادیی ڕادەڕبڕین و کاری میدیایی لە دەڤەری بادینان نیگەرانە و لەگەڵ ئەوەدانین کە ڕۆژنامەنووس لەسەر وتنی ڕاستی، خاوەن قەڵەمە بوێرەکان لەسەر داکۆکی لە مافی گشتی، چالاكوانان لەبەرامبەر پێشڕەویکردنی مافی خەڵک، مامۆستایان لەسەر داوای قوتی ماڵ و منداڵیان و کەسانێکیش لەسەر ئازادیی سیاسی و بیروڕای جیاواز زیندانیبکرێن”.

“ئەم ڕەفتارانە ھی حیزبە تاکڕەو و خۆسەپێنەکانە، کە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە ھەرێم یەکناگرنەوە، بۆیە داوامانکردووە کۆتایی بەم بارودۆخە نائاساییەی بادینان بھێنرێت و ڕێگە لەوە بگیرێت دادگاکان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێن و حزب بڕیار لەسەر ئەم کەیسانە بدات”. وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

هەربەپێی ڕاگەیەندراوەكە بافڵ تاڵەبانی وتویەتی، “دڵنیابن یەکێتی پەیوەستە بە ڕێبازی مامەوە، بۆ دابینکردنی نان و ئازادی بێمەرج بۆ نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ئازادیخوازان، لەپێناو ھێشتنەوەی ئەو بەھا باڵایانە داکۆکیکەر و پارێزەری ئەو ڕێبازە دەبین و نابێت ڕێگەبدەین بەناوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئازادییەکان بۆ ویستی سیاسی بەرتەسکبکرێنەوە”.

 

بابەتی پێشتر

کچە کوردێک بووە ئەندام پەرلەمانی ئایسلەندا

بابەتی دواتر

هەڵوێستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەبارەی كۆبوونەوەكەی هەولێر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share