ئەستێرەی کەنەدی یانەی بایرن میونشن، ئالفۆنس دەیڤیز دوو ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن بە نمونە و مامۆستا لە ژیانی وەرزشییدا وەسفدەکات.
دەیڤیز لە کۆتا هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەباشترین بەرگریکاری باڵی چەپ هەڵبژێردرا، لەم بارەیەوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی بێلد سپۆرتی ئەڵمانی ئەنجامداوە و دەڵێت، ” بێگومان هەڵبژاردنم وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان واتایەکی زۆری هەیە، بەبۆچوونی خۆم هێشتا لە توانامدایە هەندێک لە خەسلەتەکانم بەرەو باشتر بگۆڕم”.
دەیڤیز لەبارەی باشترین بەرگریکاری باڵی چەپی جیهان دەڵێت، ” چەندین یاریزانی بەرگری باڵی چەپ لە جیهاندا بوونیان هەیە و لە هەندێک ڕووەوە لە من باشترن، هەڵبژاردنی من وەک باشترین لە پێگەکەمدا باوەڕپێنەکراوە”.
“هەورە بروسکەکەی بایرن” لە وەڵامی پرسیارێکدا هەردوو یاریزانی ئەزمووندار، ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسکی و مانوێل نۆیەر بە نمونە ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت، ” لە لیڤا و نۆیەرەوە زۆر فێربووم، لیڤاندۆڤیسکی باشترین یاریزانە و تواناکانی سەرسوڕهێنەرن، زۆر گرنگە لێیەوە فێردەبم و دواتر فیدباکم پێدەدات، مانوێل نۆیەریش گۆڵپارێزێکی ناوازەیە، ناتوانیت خاڵێکی لاوازی تیادا بدۆزیتەوە، سەرنج لە هەموو شتێکیان دەدەم و لێیانەوە فێردەبم”.
دەیڤیز لە هاوینی 2019 پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کردووە، تاوەکو ئێستا 60 یاری کردووە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە و10 گۆڵی ڕەخساندووە.