وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە هیچ جۆرێك سازش لە مافە یاسایی و دەستووریيەكانمان ناكەین.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم پێشوازیكرد لە محەمەد مەولود یاقوت كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری.
لەدیدارێكدا وەزیری دارایی پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لە حكومەت و گەلی توركیا كرد و هیوای خواست سەردەمێكی نوێ لە توركیا بێتە ئاراوە.
لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدادش، وەزیری دارایی روونیكردەوە لەسەر ئاستی باڵای سیاسیی هەرێم و بەغداد گفتوگۆ و پەیوەندییەكان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئەو بڕگە و ماددانەی پڕۆژەیاسای بوجەی عێراق كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان.
روونیشیكردەوە وەك شاندی دانوستانكاری هەرێم پێشبینی ئەو كێشەو گۆڕانكارییانەیان نەكردووە بەهۆی ئەوەی پێش دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس رێككەوتنی سیاسی و حكومیان لەسەر بودجە و نەوت كردووە و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیان بە دەقی یاسایی چەسپاندووە.
ئاوات جەناب نوری ئاماژەی بەوەشكرد، تاڕادەیەك نەرمی نواندن هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانمان ناكەین و پابەندین بەو رێككەوتنانەی پێشتر ئەنجاممانداوە و چاوەڕوانین سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕۆڵی گرنگ و ئیجابی ببینێت لەو ڕووەوە.