دارایی عێراق لەبارەی گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجە روونكردنەوە دەدات

وەزیری دارایی رەتیدەكاتەوە دەستی هەبێت لە گۆڕانكارییەكانی پرۆژەیاسای بودجە و دەڵێت، بەرگری لەو دەقە دەكات كە لە حكومەتەوە رەوانەكراوە.

نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری دارایی رایگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە دەربارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری و گواستنەوە لە ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی لەلایەن وەزیری داراییەوە، كە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامیدەدات.

دەشڵێت، “وەزیری دارایی پێچەوانەی ئەوەی باسکراوە پشتڕاستدەکاتەوە، بەوپێیەی گرنگییەکی زۆر بە بەرگریکردن لە هەموو ئەو بڕگانە دەدات کە لە رەشنووسی یاسای بودجەدا هاتووە و، وەزارەتی داراییش تانە لە بودجە دەدات، ئەگەر پەسەندبکرێت و گۆڕانکاری لەو بڕگانەیدا هەبێت كە حکومەت لە بودجەدا جێگیریكردووە”.

روونیشیدەكاتەوە، ئەوەی حكومەت لە پرۆژەكەدا جێی كردووەتەوە لە دەق و تەرخانكردن، بەپێی تاوتوێكردن و پێویستیی وەزارەت، پارێزگاكان و وەڵامدانەوەی سەرجەم خواستەكان بووە بەپێی روانینی حكومەت لە بەرنامە حكومییەكەیدا، هەر گۆڕانكارییەك دەبێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی خەرجی كە حكومەت نەخشەڕێژی كردووە بۆ پڕكردنەوەی سەرجەم پێداویستییەكان.

پرۆژەیاسای بودجە كە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، بەپێی ئەو بەرنامەی كارەی ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە دانیشتنی دەنگدان لەسەری ئەنجامبدرێت.

لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی ماددەكانی 13 و 14ی پرۆژەیاساكە كە پەیوەست بە پابەندی و مافەكانی هەرێم، دەنگدان لەسەری دواكەوت.

بابەتی پێشتر

كارەبای نیشتمانی ئەم شوێنانە بووە 24 كاتژمێری

بابەتی دواتر

ئاوات شێخ جەناب: بەرامبەر بەغداد سازش ناكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share