لە هەڵەبجەش هەڵمەتی پاكڕاگرتنی تانكیی شوێنەكانی خواردن و خواردنەوە ئەنجامدەدرێت

لە ئەمڕۆوە مۆڵەتی پاككردنەوەی تانكیی هەموو ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە لە هەڵەبجە بەرهەمدەهێنن تەواوبوو، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەت دەڵێت، سەرپێچیكار شوێنەكەی دادەخرێت.

دڵنیا فاروق، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی هەڵەبجە رایگه‌یاند، ئەمڕۆ ئه‌و ماوه‌یەی قائیمقامیه‌تی هەڵەبجە دیاریكردبوو بۆ دوكانه‌كانی ساردەمەنی، شیرینی، چێشتخانە، چایخانە و هەمو ئەو شوێنانەی خواردن و خواردەمەنی بەرهەم دەهێنن بۆ شۆردن و پاككردنه‌وه‌ی تانكییه‌كانیان كۆتایی هات، له‌كاتی سه‌ردان و پشكنینی لیژنه‌كان، ئه‌و شوێنانه‌ی پابه‌ندنه‌بوون‌ ده‌ستبه‌جێ‌ داده‌خرێن و خاوه‌نه‌کانیشیان رووبه‌ڕووی رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

وتیشی، “یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی لیژنه‌كانمان پاراستنی ته‌ندروستیی گشتی و پابه‌ندكردنی شوێنه‌كانه‌ به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن به‌ تایبه‌تی ته‌ندروستی، بۆیه‌ به‌هۆی هاتنی وه‌رزی گه‌رما هه‌روه‌‌ها بۆ رێگریكردن له‌ مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌كاتی ئه‌نجامدانی سه‌ردانه‌كانیان به‌ وردی له‌ شۆردن و خاوێنكردنه‌وه‌ی تانکی سەربانی شوێنه‌كان ده‌پرسنەوە”.

جگه‌ لەو ‌نه‌خۆشییه‌ وه‌رزییانه‌ی به‌هۆی پیسبوونی ئاوه‌وه‌ مه‌ترسیی بڵاوبونه‌وه‌یان لێده‌كرێت،‌ تانكیی سه‌ربانی بەشێک لە شوێنەکان ژەنگی کردووە، به‌ شۆردن و به‌ پاككردنه‌وه‌ خاوێن نابنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستیان بەگۆڕین هەیە، چونکە ‌به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ژه‌نگ یه‌كێكه‌ له‌و ماددانه‌ی‌ لەش توانای شیكردنه‌وه‌ی نییه‌، بۆیه‌ له‌ناو گه‌ده‌ و له‌شدا ده‌نیشێت و مرۆڤ توشی نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كان و شێرپه‌نجه‌ ده‌كات، وەك ئەوەی سەرۆكی لیژنەكان ئاماژەی پێدا.

هه‌فته‌ی رابردوو، بۆ شۆردن و خاوێنكردنه‌وه‌ی تانكیی سه‌ربانیان، قائیمقامیەتی هەڵەبجە ماوه‌ی حه‌وت رۆژی بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنن دیاریكرد و رایگەیاند، دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی دیاریكراو، هەر شوێنێک پابەند نەبووبێت دەستبەجێ دادەخرێت.

بابەتی پێشتر

پسپۆڕێك وەڵامدەداتەوە.. چۆن بزانین منداڵەكەمان تووشی هەوكردنی پەردەی مێشك بووە؟

بابەتی دواتر

وتەبێژی وەزارەتی دارایی: پێشنیازی پاشەكەوت كراوە سوپاستان دەكەین و بودجەی بۆ تەرخانبكەن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە دوا هەڵویستی راگەیاند

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوا هەڵوێستی خۆی لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق…
Total
0
Share