یەكێك لە چێشتخانەكانی سەنگافورە بۆ یەكەمجار ڕۆژی شەممە 19ی كانونی یەكەم گۆشتی دەستكرد، كە لە تاقیگەدا دروستكراوە، پێشكەشی میوانانی كرد، ئەمەش بە هەنگاوێكی مێژوویی دادەنرێت لە بواری پێشكەشكردنی خۆراك لە گۆشتی دروستكراو.
لە سەرەتای ئەم مانگە كۆمپانیای (ئیت جاست) ڕایگەیاند كە ئاژانسی ئاسایشی خۆراك لە سەنگافورە ڕێگەی پێداوە پارچە گۆشتی مریشك بفرۆشێت كە لە تاقیگەدا لەڕێی خانەی گیاندارییەوە دروستدەكرێت، وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی بڵاویكردوەتەوە.
چوارشەممەی ڕابردووش كۆمپانیاكە ئاشكرایكرد كە یەكەم فرۆشتنی گۆشتی دەستكرد لە چێشتخانەی (1880) دەبێت كە دەكەوێتە یەكێك لە شەقامەكانی سەنگافورەی پایتەخت.
بە كردەیش چێشتخانەكە ئێوارەی شەممە ئەو جۆرە گۆشتەی پێشكەشی ئەو تازە پێگەیشتووانە كرد كە تەمەنییان لەنێوان 14 تا 18 ساڵدایە و بە تایبەتی بانگێشتیان ئاراستەكراوە بەهۆی “پابەندبوونیان بە باشكردنی دۆخی هەسارەی زەوی”.
مارك نیكۆلسۆن، دامەزرێنەری چێشتخانەكە دەڵێت، پێشكەشكردنی گۆشتی دەستكرد دەبێتە “شۆڕشە هەنگاوێك لە روبەڕوبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا و، زامنكردنی خۆراك بۆ دانیشتووانی جیهان بەبێ زیانگەیاندن بە هەسارەكەمان”.
لای خۆیەوە جۆش تیتریك، دامەزرێنەری كۆمپانیای دروستكەری گۆشتەكە پێیوایە هەنگاوەكەیان دەبێتە پێشكەوتن بەرەو “جیهانێك كە خواست لەسەر بڕێكی زۆری گۆشت لەلایەن مرۆڤەوە نابێتە هۆی لەناوبردنی هیچ دارستانێك یان لەناوبردنی هەر جۆرە گیاندارێك”.
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە خواردنی گۆشت لەسەر ئاستی جیهان تا ساڵی 2050 بەڕێژەی 70% بەرزدەبێتەوە، بەمەش گۆشتی تاقیگە دەتوانێت جێی زیادبوونەكەی خواست بگرێتەوە و ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕانی ئاووهەوا وەك ئەوەی زانایان دەیڵێن.
بەخێوكردنی چڕی چوارپەلەكان بەمەبەستی سودوەرگرتن لە گۆشتەكەی سەرچاوەیەكی سەرەكی میسان-ە، ئەمەش ئەو گازەیە كە دەبێتە هۆی زیادبوونی گەرمی، ئەم كەرتە لە هەندێك وڵاتی وەك بەرازیلدا بووەتە هۆی لەناوبردنی دارستانەكان.
خواست لەسەر جێگرەوەكانی گۆشت لە زیادبووندایە، بەڵام بەرهەمە بەردەستەكانی ئێستا زیاتر پێكهاتەیان ڕووكییە، ئەمەش لەكاتێكدایە دەیان كۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهان كار لەسەر پڕۆژەی گۆشتی دەستكرد دەكەن، بەڵام بەرهەمەكانیان تائێستا لەژێر تاقیكردنەوەدایە.
ڕۆژنامەی (The Guardian)ی بەریتانی لە كاتێكی پێشتردا بڵاویكردەوە بەپێی ئامارەكانی بەردەست لەئێستادا ڕۆژانە نزیكەی 130 ملیۆن مریشك سەردەبڕدرێن بۆ دەستگەیشتن بە گۆشتەكەیان، لەكاتێكدا لەنێو سەرجەم شیردەرەكانی سەر ڕووی زەوی ڕێژەی چوارپێیەكان نزیكەی 60%ە، مرۆڤ 36% و گیاندارە دەشتەكییەكانیش تەنها 4%ی پێكدەهێنن.
زنجیرەیەك لە لێكۆڵینەوەی زانستی ئاشكرایدەكات كە خەڵكی وڵاتە دەوڵەمەندەكان گۆشتی زیاتر لەوەی دروستە بۆ خۆیان و هەسارەی زەوی دەخۆن، توێژینەوەكان ئاماژە بەوەدەكەن كە سنووردانان بۆ بەكاربردنی گۆشت هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ چارەسەری گرفتی ئاووهەوا، تەنانەت هەندێك لە زانایان دەڵێن، كەمكردنەوەی گۆشتخواردن باشترین ڕێوشوێنی ژینگەییە كە دەكرێت هەر كەسێك بیگرێتەبەر.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەو كۆمپانیایانەی كار لەسەر پەرەپێدانی گۆشتی دەستكرد لە تاقیگەكاندا دەكەن پێیانوایە دەشێت بەرهەمەكەیان ببێتە هۆی پركردنەوەی خواستی ئەو كەسانەی ناتوانن خواردنی گۆشت كەمبكەنەوە و لەسەری بەردەوام بن.
هەروەك زۆر خەڵك پێیانوایە ڕووكردنە سیستمی خۆراكی ڕووەكی سەرنجڕاكێش نییە و جێگرەوە ڕووەكییەكانی گۆشت دەبێتە دووبارە و ناتوانێت جێی تام و چێژی خواردنە باوەكان بگرێتەوە.