وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە و ئاشكرایدەكات عێراق دووچاری كێشەی گەورە بووەتەوە و ئاستی ئاو لە بەنداوی موسڵ كەمبووەتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵ رێژەی بارانبارین زیاتربووە و ئەوەش كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی ئاستی ئاو لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتربووە.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان گرفتی كەمبوونەوەی ئاوی خەزنكراومان هەیە كە بەهۆی كەمبارانی ساڵانی رابردووەوە ئەو گرفتە سەریهەڵداوە و عێراقیش دووچاری كێشەی گەورە بووەتەوە بە تایبەت كە رێژەی ئاو لە بەنداوی موسڵ كەمیكردووە و ئەوەش وادەكات فشار لەسەر هەرێمی كوردستان دروستبكات لە ئیدارەدانی دۆسیەی ئاودا.