یەكێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن سكاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆماردەكات

لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەوڵەكانیان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن كە بەر لە دوو ساڵ دەستیپێكردووە پارتی بەتەنگیەوە نەهاتووە و دەشڵێت، لە ئێستادا بێئومێد بوون و بەهۆیەوە سكاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام لە هەوڵدابوون، هەموو رێگاكانیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەنەوە.

وتیشی، “بەپێی ئەو رێككەوتنە سیاسیەی لەنێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك، لەلایەكی دیكە لەنێوان گۆڕان و پارتی هەبووە، لە هەردوو رێككەوتنەكەدا یەكێك لە خاڵە بنەڕەتییەكان بریتییە لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، كە لە رابردوودا بەوردی باسمان لێكردووە بەوەی بێكەڵكە و لە ساڵی 1992وەوە دەرچووە و ماوەی 31 ساڵە لە هەرێمی كوردستاندا هەڵبژاردنی پێدەكرێت”.

ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبكرێت بۆ چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر پارێزگایه‌ك نوێنه‌ری خۆی بنێرێته‌ په‌رله‌مان به‌ هێنده‌ی ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی و نوێنه‌رایه‌تی خۆی له‌ په‌رله‌مان بكات، وەك ئەوەی زیاد جەبار ئاماژەی پێدا و ئەوەشی خستەڕوو، هه‌روه‌ها بابه‌تی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌موولایه‌ك كۆكن كه‌ تۆمارێكی پاكوبێگه‌رد نیه‌، بۆیه‌ داوایانكردووه‌ كه‌ بایۆمه‌تری عێراق به‌كاربهێنرێت كه‌ ساڵی 2021 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی پێكراوه‌.

هه‌روه‌ها داواشده‌كه‌ن ئامار و داتا و زانیاری وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق به‌كاربهێنرێت كه‌ جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانانی هه‌رێم و خودی وەزارەتەكەی عێراق “دان به‌و ئاماره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا نانێت”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتیشیكردەوە، لە 3ی 11ی 2021ەوە داوایانكردووە پشتبه‌ست به‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌ی كه‌ لەنێوانیاندا كراوه‌ هەمواری یاساكە بكەنەوە و كۆمسیۆن كارابكه‌نه‌وە و وتی، “ئەگەر بە تەنگەوەهاتن هەبوایە دەمانتوانی لە وادەی دیاریكراودا هەڵبژاردن بكەین. چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدرا پارتی و پێكهاتەكان رێگربوون”.

ئەوەشی خستەڕوو، پاش درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، هەوڵێكی دیكە هەبوو لەڕێی دەستپێشخەرییەكی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی هەموو ئەو كێشە و كەموكوڕییانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەموویان وەلابنرێن و كار لەسەر پرسی یاسای هەڵبژاردن بكەن، تا هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، چەند كۆبوونەوەیەك كرا و لە كۆمەڵێك خاڵدا هاتنەپێشەوە هەبوو و رێككەوتن لەسەری كرا، بەڵام دواجار لە چەند خاڵێكی بنەڕەتیدا نەتوانرا بگەنە رێككەوتن، بەتایبەت لەسەر پرسی پێكهاتەكان كە “تا ئەمڕۆ پارتی لەسەر پێكهاتەكان هیچ پێشنیارێكی نەخستووەتەڕوو”.

هەر سەبارەت بە پێكهاتەكان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی تێڕوانینی حزبەكەی خستەڕوو و وتی، دوو خاڵی بنەڕەتی هەیە، یەكەم ئەوان دەبێت نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن، دووەم هەر ناوچە و شار و شارۆچكەیەكی هەرێم پێكهاتەی تیایە، ئەم پێكهاتانە بەشداربن و نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی نەبنە یەكلاكەرەوەی هاوسەنگی هێز بەلایەكدا و، نە نوێنەرایەتیی یەكێتی و نە نوێنەرایەتی پارتی و هیچ هێزێكی سیاسی بكەن، بەڵكو نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن لە كوردستاندا و ئەوەیان مەبەست بووە و بۆچوونی خۆشیان بە پرۆژەیەك خستووەتەڕوو، لایەنەكانی دیكە و یۆنامیش بەهەمان شێوە، تەنها پارتی نەهاتووەتە پێشەوە و پرۆژەی نەبووە.

زیاد جەبار راشیگەیاند، “ئێستا كه‌ كات نه‌ماوه‌ و بێئومێدبوین له‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ هه‌مواربكه‌ینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌هی خۆی بزانێت و یاسایەكی پاك و بێگەرد بێت تا هەڵبژاردنی پاك و بێگەردی پێبكرێت، بۆیه‌ په‌نامان بۆ دادگای فیدراڵی بردووه‌ و هه‌موو رێكارێكی یاسایی و ده‌ستووری ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، له‌سه‌ر چه‌ند مادده‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ دادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆماركردووه‌ بۆ ئەوەی یاساکە ھەمواربکرێتەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی كارەبا دەست بە جێبەجێکردنی سیستمی پریپەید دەكات

بابەتی دواتر

گۆشت دەبێت ماوەی چەند لە بەفرگردا هەڵبگیرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

‎هەڤاڵ ئەبوبەكر: دۆخی سه‌ختی وڵاته‌كه‌مان پێویستی به‌ لێكتێگه‌یشتن و یه‌كڕیزیی هه‌یه‌

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پشتیوانیی له‌ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و داكۆكیی له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌ درێژخایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین…
زیاتر ببینە

پارێزەری كۆمپانیاكە: كامێراكانی پۆینت تو پۆینت كە لێكرابوونەوە ئەم هەفتە دادەنرێنەوە

پارێزەری ڕێپێدراوی كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی دانانی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕەوی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێك بۆ لابردنی كامێراكانی تۆماركردنی…
Total
0
Share