پزیشكێكی پسپۆڕ هۆشداریدەدات لەوەی كەمخەوی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی كۆئەندامەكانی جەستە دەبێت، بەتایبەت هۆكارە بۆ نۆبەی دڵ و جەڵتەی مێشك.
دكتۆر ئەنتوان تیخۆنۆڤسكی، پسپۆڕی پزیشكی دەمار دەڵێت، لە كاریگەرییە لاوەكییەكانی كەمخەوی بریتییە لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان.
ئەو دەڵێت، پێویستە كەسی پێگەیشتوو 7-9 كاتژمێر لە رۆژێكدا بخەوێت. ئەگەر كاتژمێرەكانی خەوتن بەراورد بە پێوەرە فسیۆلۆجییەكان تەنانەت بۆ چەند كاتژمێرێك كەمببێتەوە، مانای بێبەشبوون لە خەو دەگەیەنێت.
وتیشی، “بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆكارەكانی كەمخەوی لە جەستەدا لادان لە پێوەرەكان روودەدات، دەشێت لە كۆتاییدا ببێتەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كەمخەوی بەر لە هەر شتێك دەبێتەهۆی تێكچوونی ئەركە ژیرییەكان و دابەزینی ئاست و تێكچوونی دۆخی دەروونی.
نیشانەكان لە سەرەتادا ناڕوون دەبن، بۆیە زۆر كەس هەوڵی پشتگوێخستنی دەدەن، بەڵام پاش نزیكەی 17 كاتژمێری بێخەوی كاریگەرییەكان دەردەكەون، لە كێشەكانی بیرگە و ژیری تا توڕەیی و كاردانەوەی خێرا، وەك ئەوەی ئەو پزیشكە ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، “كەمخەوی درێژخایەن دەبێتەهۆی زیادبوونی كێش، چونكە لە شەودا چەندین ماددە لە جەستەدا چالاك دەبن كە میتابۆلیزم رێكدەخەن و بریتین لە گریلین و لبتین، لەگەڵ كەمخەویدا هۆرمۆنی گریلین كە هاندەری حەزی خواردنە زیاددەكات، لە بەرامبەر دابەزینی ئاستی هۆڕمۆنی لبتین كە ئەو حەزە كەمدەكاتەوە”.