وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆدایە.. پێشنیازەکانیان بۆ لیژنەی باڵا چییە؟

بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئاستی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بە دۆخی سوور ناودەبات، ئاشكرایدەكات، سەرەكیترین پێشنیازیان بریتییە لە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی، پێشنیازەكانی دیكەشیان بۆ لیژنەی باڵای كۆرۆنا ئاشكرادەكات.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون  بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای کۆرۆنا و ئەو ڕێکارانەی دەبێت بگیرێنەبەر، وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی قەدەغەی هاتوچۆی گشتیی بۆ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا و ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگەکان دەکات”.

دکتۆر ڕەهێڵ وتیشی، “کەرەنتینەی گشتی پێشنیازی یەکەممانە و بە پێویستی دەزانین بۆ دۆخی ئێستا، چونکە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان چووەتە هێڵی سووری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە ئاستێکی مەترسیدارداین”.

ئاشکرایکرد، “هەرێمی کوردستان ڕێژەی 20%ی توشبووانی تێپەڕاندووە، لەکاتێکدا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ڕێژەی توشبوون 16% بوو”، (مەبەست ڕێژەی پۆزەتیڤبوونی پشكنینەكانە).

بریکاری وەزارەتی تەندروستی پێشنیازەكانی دیكەی وەزارەتەكەی بۆ ئێستا ئاشكراكرد، “یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆی گشتی نەکرێت، وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی قەدەغەی هاتوچۆی سنوردار دەکات، بۆ داخستنی شوێنە گشتییەکان، هەروەها کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان بەجۆرێک تەنها کاروباری هاوڵاتییان بەڕێبکرێت، چێشتخانەکان تەنها بە گەیاندن کاربکەن، مزگەوتەکان دابخرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هاتوچۆی هاوڵاتییان لە شەواندا قەدەغەبکرێت”.

دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون هەروەها دەڵێت، “پێشنیازی زیادکردنی ژمارەی کارمەندانی تەندروستی دەدەینە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، چ کارمەندانی خۆبەخش، چ گرێبەست، هەروەها دەسەڵات بدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ئەو مەبەستە”.

ئاشكراشیكرد، وەزارەتەكە بڕیاریداوە ناوەندەکانی وەرگرتنی ڤاکسین زیادبكرێن، بەجۆرێک ژمارەیان دەکرێت بە 131 ناوەندی دابەشکردنی ڤاکسین لە تەواوی هەرێمی كوردستان، هەروەها ڤاکسینی فایزەر دەگەیەنرێتە قەزاکانیش.

بەپێی وتەی بریکاری وەزارەتی تەندروستی، لە هەفتەی داهاتوودا بڕێکی زۆری ڤاکسین دەگاتە هەرێمی کوردستان و ئەم هەوڵانەش یارمەتیدەردەبێت بۆ دروستکردنی بەرگریی کۆمەڵگا.

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 300 هەزار کەس لەڕێگەی بەرنامەی (کورد ڤاک)ەوە فۆڕمی وەرگرتنی ڤاکسینیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە نزیکەی 150 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەپێی وتەی بریکاری وەزارەتی تەندروستی، هۆکاری کەمی ژمارەی ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە کەمی ناوەندەکانی دابەشکردنی ڤاکسین و کەمی ژەمە ڤاکسینی هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵی ئەوەدایە تواناکانی دابەشکردنی ڤاکسین بۆ دوو یان سێ هێندە بەرزبکاتەوە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی ئاماری دەستبەسەرداگرتنی چەک و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

مانچستەر یونایتد جگە لە ڤاران چاوی لە دوو ئەستێرەی دیکەی لالیگایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share