مردنی سەردانكەرانی نۆرینگە و سەنتەرەكانی جوانكاری لە بەغداد بووەتە دیاردە و مانگ نییە حاڵەتی لەو جۆرە روونەدات، ئەوەش وایكردووە حكومەت هەڵمەتی داخستنی نایاساییەكانیان بەرپابكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەكانیان بە هاوكاریی لایەنی تەندروستی، 35 نۆرینگەی ددان و سەنتەری جوانكارییان داخستووە كە پێچەوانەی رێنماییەكان بوون و مۆڵەتیان نەبووە و بە شێوەی نایاسایی كاریانكردووە.
بەشێك لە سەنتەرەكانی جوانكاری لە بەغداد، نەك هەر مۆڵەتی فەرمییان نییە، بەڵكو لەلایەن كەسانێكەوە بەڕێوەدەبرێن كە پزیشك نین و سەرباری ئەوەش نەشتەرگەریی جوانكارییان تیادا ئەنجامدەدرێن، وەك دەسەڵاتی خۆجێی بەغداد پێشتر چەند جارێك ئاماژەی بۆ كردووە.
زۆرترین قوربانییانی نەشتەرگەریی جوانكاری لە بەغداد، ئەوانەن كە نەشتەرگەریی بچووككردنەوەی گەدە و لابردنی چەوریی ورگ و كەمەر ئەنجامدەدەن.