فیلمی “سەبایە” کە باس لە ژیانی قورسی دوو کچی ئێزدی دەکات لەدوای ئەوەی بوونەتە قوربانی دەستی داعش و پاشان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کەمپێکدا ماونەتەوە،بەشداری فێستیڤاڵی ساندانسی ئەمریکی دەکات و دەرهێنانی فیلمەکە لەلایەن هونەرمەندی کورد هۆگر گرورییەوە کاری لەسەر کراوە.
هۆگر هروری، دەرهێنەر و فیلمسازی کورد لەبارەی هەڵبژاردنی فیلمەکەیەوە بۆ بەشی کوردی ڕادیۆی سوید لێدوانیداوە و دەڵێت، “ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ من و بگرە کوردیش کە فیلمێکی کوردی دەتوانێت لە فێستیڤاڵێکی وەهادا بەشداریبکات کە ئەزمونی زیاتر لە 40 ساڵی هەیە”.
هۆگر دەڵێت، “دەکرێت لە ڕێگەی فیلمکەوە ژیانی قورسی کچانی ئێزدی دەستی داعش و هەموو قوربانیانی دەستی داعش باشتر بناسرێت بە هەموو جیهان و بەشداربوانی فێستیڤاڵەکەش”.
فیلمی “سەبایە” زیاتر سەرنجی خستووەتەسەر ڕزگارکردنی دوو کچی ئێزدی لە کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان کە چەند قورسە لەناو زیاتر لە 70 هەزار کەسدا دوو کچ بناسیتەوە و ڕزگاریان بکەیت.
فێستیڤاڵی ساندانس لە ساڵی 1987 وە ساڵانە لە سەرەتای ساڵدا بەبەشداری چەندین فیلمی ئەمریکی و جیهانی بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش بڕیارە لە 28 ی کانونوونی دووەمدا بەشێوەی ئۆنلاین بۆ هەفتەیەک بەرێوەبچێت.