کۆمپانیای ئەمریکیی ئەپڵ هۆشدارییەکی بەپەلەی بۆ ملیۆنان بەکارهێنەری مۆبایلی ئایفۆن بڵاوکردەوە کە خۆی بەرهەمیدەهێنێت، سەبارەت بە تەندروستیی بەکارهێنەرانی و لە مەترسیی ئامێرەکە ئاگادارییان دەکاتەوە.
هۆشدارییەکە تایبەتە بەو بەکارهێنەرانەی کە ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵ یان هەر ئامێرێکی پزیشکیی دیکە لە جەستەیاندا چێنراوە.
کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت، ئەوکەسانە پێویستە مۆبایلەکە بە دووریی 6 ئینج کە یەکسانە بە 15.2 سانتیمەتر لە سنگیانەوە دووربخەنەوە.
ئەپڵ روونیکردەوە کە تێکەڵبوونی موگناتیسی و بواری کارۆموگناتیسی لەگەڵ کارەکانی ئەم ئامێرانەدا بکوژ دەبێت.
تەنها لە ئەمریکا نزیکەی سێ ملیۆن کەس ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵ و هاوشێوەکانیان لە جەستەیاندا چاندووە.
ئامێری رێکخستنی لێدانی دڵ “پەیسمەیکەر” بریتییە لە کۆمپیوتەرێکی بچووک کە لە ژێر پێستدا دەچێنرێت، بە تایبەتی لە ناوچەی سنگدا، کە چاودێریی لێدانی دڵ دەکەن و ئەگەر بەپێی پێویست کارنەکات، چالاکی دەکەن.
هۆشدارییەکەی “ئەپڵ” نوێترین ئامێرەکانی کۆمپانیاکە دەگرێتەوە، وەک “ئایفۆن 13” و “ئایفۆن 14″، هەروەها کاتژمێرەکانی “ئەپڵ وۆچ” و کۆمپیوتەرەکانی “ماک” و تابلێتەکانی “ئایپاد” و ئەوانی تر.
توێژینەوەیەک لە مانگی ڕابردوودا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی کاتژمێری ئەپڵ وۆچ بەکاردەهێنن لەوانەیە تووشی کێشە ببن لە ئامێرەکانی رێکخستنی لێدانی دڵ و هاوشێوەکانی و تێکەڵی لە کارەکانیاندا روودەدات.