عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات بەوەی ئێران بەهێزترین زلەی لێدەدات لە تۆڵەی كوشتنی قاسم سلێمانی-دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم، عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، “تۆڵەسەندنەوەی سلێمانی مسۆگەرە، لە هەر شوێن و كاتێكدا دەیكەین، تۆڵە لەوانە دەكەینەوە كە فەرمانی تیرۆركردنەكەیان كرد، لەوانەش كە تیرۆركردنەكەیان جێبەجێكرد.”
وتیشی، “دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهێزترین زلە دەبێت كە لە تۆڵەی قاسم سلێمانی-دا لە ئەمریكا بدرێت.”
ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە وتەكانیدا باسی لەوە كرد كە ئەمریكا دەڵێت حەوت ملیار دۆرلاری لە ناوچەكەدا خەرجكردووە، بەڵام بە وتەی خامنەئی، سەرباری خەرجكردنی ئەو پارانەش، “ئەمریكا نەیتوانیوە هیچ ئامانجێكی لە عێراق و سوریا-دا بەدیبهێنێت.”
عەلی خامنەئی بەپێویستی زانی كاربەدەستانی حكومەتی ئێران هەوڵی لابردنی سزاكانی سەر وڵاتەكەیان بدەن، بەڵام بەجۆرێك كە شكۆی ئێران پارێزراوبێت.
هۆشداریشیدا كە “ناكرێت لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ئێران-دا، متمانە بە وڵاتانی بیانی بكرێت.”