هیچمان نییە جگە لە یەک زەوی.. ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە، سەرەڕای هەوڵ و كۆبوونەوە و لوتكەكان، بەڵام تا ئێستا ‏زەوی و ژینگەكەی لە مەترسیدان و ئایندەی پرسەكە زیاتر تاریك دەردەكەوێت، نەك ‏ڕووناك و پارێزراو.‏

جیهان ئەمڕۆ ئاهەنگی ڕۆژی جیهانیی ژینگە دەگێڕێت لەژێر ناونیشانی، “بلیۆنان هەسارە ‏لە گەردووندا هەن، بلیۆنان گەلە ئەستێرە هەن، بەڵام ئێمە هیچمان نییە جگە لە یەک ‏زەوی”.‏

ساڵانە 5ی حوزەیران وەک ڕۆژی جیهانیی ژینگە ئاهەنگ و بۆنەی تایبەتی بۆ ‏ڕێکدەخرێت، لەدوای ساڵی 1972وەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێکەوتەی وەکو ‏ڕۆژی جیهانیی ژینگە دیاریکرد.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ بەو بۆنەیەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاویکردووەتەوە، ‏ڕایگەیاندووە، “ئامانجی دیاریکردنی ئەمڕۆ بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە بانگهێشتکردنی ‏جیهانە بۆ نوێترین گۆڕانکاری لە سیاسەت، هەنگاو و بژاردەکانی بەردەست بۆ ژیانێکی ‏ئارام و تەندروست لەسەر هەسارەکەمان”.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە جیهان دەکات، زیاتر ڕەچاوی ڕێکارەکانی پاراستنی ‏ژینگەیەکی پاک و تەندروست لەسەر هەسارەی زەوی بکەن، “ئێمە هیچمان نییە جگە لەم ‏هەسارەیە، هاوڵاتییەکانمان یەکن و لەسەرمانە پارێزگاریی لێبکەین”.‏

دروشمی “ئێمە هیچمان نییە جگە لە یەک زەوی”، دەگەڕێتەوە بۆ کۆڕبەندی ستۆکهۆڵم لە ‏ساڵی 1972 کە تێیدا بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە داڕێژرا، ئەوەش دوای ‏تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر ئەو سێ قەیرانەی ڕووبەڕووی ژینگەی زەوی بوونەوە، ‏ئەوانیش، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا، لەناوچوونی جۆراوجۆریی بایۆلۆجی، هەروەها ‏بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەسارەی زەوی بە پاشماوەی مرۆڤ.‏

بەپێی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ‏ژینگەی زەوی دەبنەوە، سێ مەترسیی باسكردووە، کە بریتین لە:‏

‏_ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی بەخێراییەکی زۆر.‏

‏_ لەناوچوونی بەردەوامی جۆراوجۆریی زیندەوەرەکانی سەر زەوی، کە بە یەک ملیۆن ‏جۆر خەمڵێنراون.‏

‏_ پیسبوونی ژینگەی زەوی بە ئاستێکی مەترسیدار لە ژینگەی وشکانی، ئاو و هەوا.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیەندراوەكەیدا بە ڕوونی دەڵێت، “چیتر كات نەماوە و ‏سروشت لە حاڵەكی لەناكاودایە”، بۆیە دووپاتیدەكاتەوە، بۆ هێشتنەوەی بەرزیی پلەی ‏گەرمای زەوی لە خوار 1.5 پلە، پێویستە دەردانی گازە ژەهراوییەکان کەمبکرێتەوە و تا ‏ساڵی 2030 دەردانی ئەو گازە ژەهراوییانە بۆ نیوەی ئەوەی ئێستا داببەزێت.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر ئەو كارە نەكرێت (كەمكردنەوەی دەردراوە ‏ژەهراوییەكان)، لە ماوەی دەیەی داهاتوودا پیسبوونی هەوا بەڕێژەی 50% ئاستی ‏ویستراو تێدەپەڕێنێت، هەروەها تا ساڵی 2040پیسبوونی ئاوەکان بەهۆی پاشماوەکانەوە ‏سێ هێندەی ئێستا زیاد دەبێت.‏

ئێمە تێکڕا 1.6ی زەوی بەکاردەهێنین بۆ پارێزراوی ژیانمان، سیستمی ژینگەیی ئێستا ‏یارمەتیدەرمان نییە بۆ بەجێهێنانی خواستەکانمان، نزیکەی دوو لەسەر سێی ژیانی ئێمە ‏پەیوەستە بە چالاکییەکانی دەردانی گازە ژەهراوییەکانەوە کە هۆکاری قەتیسبوونی ‏گەرمان، توێژینەوە زانستییەکان باس لەوەدەکەن، کە گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکان و ‏شێوازی ژیانمان دەتوانێت تا ساڵی 2050 ڕێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان 40% بۆ ‏‏70% کەمبکاتەوە.‏

بابەتی پێشتر

كەشناسیی هەرێم: پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.. یاسای پاراستنی ژینگە یەکێکە لە تەوەرەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share