سەرباری هۆشداریدان و نیگەرانییەكانی ئەمریكا سەبارەت بە بەرتەسككردنەوەی ئازادیی رۆژنامەنووسی و راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، ئاسایشی پارتی لە هەولێر پەلاماری رۆژنامەنووسان دەدەن و بە جلوبەرگی مەدەنی و فەرمییەوە رێگری لە كارەكانیان دەكەن و لە دوایین پێشێلكاریدا، نەیانهێشت رۆژنامەنووسان رووماڵی ناڕەزایی كچانی بەشە ناوخۆییەك بكەن كە داوای سەرەتاییترین مافەكانیان دەكەن.
ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر دەڵێت، “ئەمریكا نیگەرانە لە پاشەكشێی مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن و مافی پێكهاتەكان و ژنان لە هەرێمی كوردستان” و جەختدەكاتەوە كە “ئەمریكا پێیوایە پێویستە رۆژنامەنووسان و ناوەندە میدیاییەكان، رێگەیان پێبدرێت هەواڵەكان بگەیەنن بەبێ ترس لە چاوترساندن و هەراسانكردن و تۆڵەسەندنەوە”.
تەنها دوو رۆژ دوای ئەم وتانەی كونسوڵی گشتیی ئەمریكا، ئاسایشی پارتی لە هەولێر “چاوترساندن و هەراسانكردن”ی بەكارهێنا و لە دژی ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی مامەڵەی كرد و رێگەی نەدا رۆژنامەنووسان رووماڵی ناڕەزایی كچانی بەشە ناوخۆییەكی هەولێر بكەن، كە نەبوونی خزمەتگوزاری هێنابوونییە سەرشەقام و گردبوونەوەی ناڕەزاییان رێكخست، لەو كاتەدا ژمارەیەك ئاسایشی هەولێر بە جولوبەرگی مەدەنی و فەرمییەوە رێگرییان لە رۆژنامەنووسان كرد رووماڵی ناڕەزایی خوێندكاران بكەن.
لەو بارەیەوە رۆژنامەنووسێك بە ئێستای راگەیاند، “ئاسایشی پارتی بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لە بەردەم بەشەناوخۆیی كچان لە هەولێر جگە لە رێگریكردن، هێرشیان كردەسەر رۆژنامەنووسان”.
لای خۆیەوە بڕیار محەمەد پەیامنێری پۆلەتیك پرێس رایگەیاند، “بەرپرسانی بەشە ناوخۆییەكانیش رێگەیان نەدا رووماڵی ناڕەزاییەكان بكەین”.
بەپێی وتەی خوێندكارانی ناڕازی لە بەشە ناوخۆییەكانی هەولێر، “كێشەی نەبوونی كارەبا و ئاوی گەرمیان هەیە، چەندین جار لایەنەكانیان ئاگاداركردووەتەوە، نە گوێیان لێدەگیرێت و نە كێشەكانیان بۆ چارەسەردەكرێن”.
یەكێك لەو خوێندكارانە دەڵێت، “داوای ئاوی گەرم و سووتەمەنی دەكەین، بەڵام بۆمان دابین ناكەن و بەهۆی نەبوونی ئاوی گەرمەوە زۆربەی خوێندكاران تووشی نەخۆشی بوون و بە رێی نەخۆشخانەوەن”.