لە داهاتوودا نوقم دەبین.. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دەدات

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، ڕۆژی سێشەممە هۆشداریدا لەوەی “بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان داهاتوو دەخنکێنێت”، ئاماژەی بەوەشکرد “ئەوە تەنها هەڕەشە نییە، بەڵکو چەندین جار لە هەڕەشە زیاترە بەراورد بە مەترسییەکانی دیکە”.

لێدوانەکانی گۆتێرێش لە میانی گفتوگۆیەکی کراوەدا بوو لە ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و کاردانەوەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان .

گۆتێرێش وتی، ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بونیادنانی ئیرادەی سیاسیی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئەمنییە وێرانکەرانەی کە لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە سەرهەڵدەدەن.

جەختی لەوە کردەوە “پێویستیی کاری هاوبەش لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە و پشتگیریکردن لە ژیان و بژێویی ئەو کۆمەڵگایانە و ئەو کەسانەی لە هێڵی پێشەوەی ئەم قەیرانەدا دەژین”.

بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دەتوانێت کێشەی زۆر بۆ سەدان ملیۆن کەس دروستبکات کە لە ویلایەتە بچووکەکانی دوورگەکاندا دەژین یان ئەوانەی ناوچە کەنارییە نزمەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان مەترسیی لەسەر ژیان و دەستگەیشتن بە ئاو و خۆراک و چاودێریی تەندروستی دروستدەکات.

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی کە بەرزبوونەوەی ئاوی سوێری دەریاکان دەتوانێت تەواوی هەلی کار و ئابووری لە پیشەسازییە سەرەکییەکانی وەک کشتوکاڵ، ماسی و گەشتیاری لەناو ببات. ئەم دزەکردنە دەتوانێت زیان بە ژێرخانی گرنگ بگەیەنێت یان لەناویان ببات – لەوانەش سیستەمی گواستنەوە، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا کە پەیوەندییان بە قەیرانی کەشوهەوا هەیە تێکەڵ دەکرێت. بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان هەڕەشە لە بوونی هەندێک پێکهاتە لە شوێنە نزمەکان و تەنانەت وڵاتانیش دەکات.

ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی کۆمەڵێک داتای نوێی بڵاوکردەوە کە مەترسی جدیی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان نیشاندەدات، بەپێی ئەمینداری گشتی.

لە ساڵی 1900ەوە ناوەندی ئاستی ئاوی دەریاکانی جیهان خێراتر لە هەموو کاتەکانی پێشوو بەرزبووەتەوە و زەریاکانی جیهانیش لە ماوەی سەدەی رابردوودا خێراتر لە جاران گەرم بووە.

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی دەڵێت “تەنانەت ئەگەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان کەمبکرێتەوە بۆ 1.5 پلەی سەدی، ئێستا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بەشێوەیەکی بەرچاو روودەدات، ئەگەر پلەکانی گەرما بە تا 2 پلە بەرزببنەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا دوو هێندە دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر.

ئەمینداری گشتی هۆشداریدا لەوەی وڵاتانی وەک بەنگلادیش، چین، هیندستان و هۆڵەندا هەموویان لە ژێر هەڕەشەی ئەو سیناریۆیانەدا مەترسییان لەسەرە.

گۆتێرێش ئاماژەی بەوەشکردووە، مەترسییەکە بە تایبەت بۆ نزیکەی 900 ملیۆن کەس زۆر گەورەیە بەهۆی ئەوەی لە ناوچە کەنارییەکاندا دەژین.

بەپێی ئامارەکانی ناسا، ئەنتارکتیکا ساڵانە بە تێکڕا 150 ملیار تۆن بارستەی سەهۆڵ لەدەست دەدات، سەهۆڵبەندانەکانی گرینلاند خێراتر دەتوێنەوە لە ئەنجامدا ساڵانە 270 ملیار تۆن زیانیان پێدەگات.

بابەتی پێشتر

هۆکارەکەی چییە؟<br> بەرزبوونەوەی نرخی پیاز ئەو قەیرانەی سنووری دەوڵەتانی تێپەڕاندووە

بابەتی دواتر

عەلی عەلاق لەبارەی نرخی دۆلارەوە بەڵێن دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share