لە سنووری پەروەردەی سلێمانی زیاتر لە 222 ملیۆن دینار بۆ مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندكارانی تووشبوو كۆكرایەوە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە دەڵێت، بە یەكسانی بەسەریاندا دابەشدەكرێت.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پاش ئەوەی بڕیاریاندا هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری لەنێو خێزانی پەروەردە بۆ خزمەتی كارمەند و خوێندكارانی تووشبووی شێرپەنجە ئەنجامبدەن لەو ماوەیەدا وەكو بەشی یەكەم توانیویانە بڕی 222 ملیۆن و 747 و 250 دینار و 601 دۆلار كۆبكەنەوە.
وتیشی، “پەروەردەی سلێمانی خاوەنی هەزار و 406 خوێندنگا، 374 هەزار و 328 خوێندكار و 39 هەزار و 765 مامۆستا و فەرمانبەرە”.
لەو ژمارەیە بەپێی ئامارێك كە پەروەردەی سلێمانی كۆیكردووەتەوە 164 مامۆستا، 53 فەرمانبەر و 152 خوێندكار تووشبووی نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی شێرپەنجەن.
دڵشاد عومەر، ئەو پارەیە كە چاوەڕوان دەكرێت زیادبكات، لە ئایندەیەكی نزیكدا بە یەكسانی دابەشیدەكەن بەسەر نەخۆشەكاندا.
روونیشیكردەوە، هەریەك لە تووشبووان لە سنووری پەروەردەكانی خۆیاندا بە رێوڕەسمێك ئەو دیارییەی “خێزانی پەروەردە”یان پێدەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاشكراشیكرد، هەڵمەتی داهاتوویان بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەكە دەبێت و وتی، كۆمەڵێك لەو پێداویستیانەی لە ئەنفال و گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەجێماوە و پێكدێت لە 600 كارتۆن هەویە و تەزبیح و لەچك و جلوبەرگ لەلایەن مۆزەخانەكە هەڵگیراوە و، جاری داهاتوو هەڵمەتەكەیان بۆ ئەوەیە ئەم بەشەی مۆزەخانە بگەشێنینەوە و هەوڵبدەین نۆژەنبكرێتەوە و ئەو كەلوپەلانەی تیادا بخرێتەڕوو، تا ئەو ئازارەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە نەوە لەدوای نەوە بیبینێت.