سەرۆکی کۆمەڵەی جەستەبەخشانی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا هەزار و 230 کەس ناویان وەک ئەندام لە رێکخراوەکەمان نووسیووە، بەشێکیشیان ویستوویانە لە دوای مردنیان ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ نەتوانراوە سوود لە ئەندامەکانی جەستەی هیچ ئەندامێکمان کە گیانیان لەدەستداوە وەربگرین.
فەرهاد قادر سەرۆکی کۆمەڵەی جەستەبەخشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئێمە کە لە ساڵی 2013 ەوە رێکخراوەکەمان دروستکرد، تا ئێستا هەزار و 230 کەس ناویان لای ئێمە تۆمارکردووە بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان، ئەمەش بە دوو شێواز بەشێکیان بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان دوای مردنیان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، بەشەکەی دیکەشیان فۆڕمی بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان پێش مردنیان پڕکردووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “لەو کەسانەی کە فۆڕمیان بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان پڕکردبووەوە تا لە ژیاندا بن، خۆشحاڵانە چوار ئەنداممان گورچیلەی خۆیان بە نەخۆشی دیکە بەخشیوە، بەڵام لەو کەسانەی فۆڕمیان بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەیان دوای مردنیان پڕکردبووەوە، پێنج کەسیان تا ئێستا مردوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندنەبوو بۆ گواستنەوەی ئەندامەکانیان نەتوانرا ئەندامەکانی جەستەیان ببەخشرێن”.
باسیلەوەشکرد، “لەو کاتەی د. رێکەوت وەزیری تەندروستی بوو، بڕیاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی بۆ چاندنەوەی ئەندامەکانی جەستە دا، بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام بەو شێوەیە وازیلێهێنرا، لەم کابینەیەشدا سەردانی د.سامانمان کرد، ئەو سەرەتا نەیدەزانی رێکخراوێکی لەو شێوەیە هەیە، پێی راگەیاندین لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی لەو شێوەیە دروستبکرێت”.
وتیشی، “لە ئێستادا حاڵەتەکانی لەکارکەوتنی گورچیلە روو لە زیادبوونە رۆژانە، تەنها لە نەخۆشخانەی شار مانگانە 500 – 800 نەخۆش شۆردنەوەی گورچیلەیان بۆ دەکرێت کە تێچووی هەر یەکێکیان 100 بۆ 150 هەزار لەسەر حکومەت دەکەوێت، کە بە پارەی یەک ساڵی ئەو تێچووە دەکرێت نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنەوەی ئەندامەکانی جەستە دروستبکرێت و نەخۆشێکی زۆریش لەو دۆخە خراپە رزگاربکرێن”.