دیارترین دۆزینەوە زانستییەکانی ساڵی 2022

دواجار مرۆڤایەتی گەیشتە دیاریکردنی جینیۆم یان بۆهێڵەکانی مرۆڤ بەتەواوی بەبێ هیچ بۆشاییەک، هەروەها لادانی هەسارۆچکەیەک لە ڕێڕەوەکەی کە ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ زەویدا هەبوو، سەرەڕای چەندین دۆزینەوەی دیکە لە ساڵی 2022دا.

دوورخستنەوەی مەترسیی هەسارۆچکەکان لە زەوی

لە مانگی ئەیلولدا زاناکان بە سەرکەوتوویی یەکەم تاقیکردنەوەی بەرگریکردن لە زەوییان بەرامبەر هەسارەکان ئەنجامدا بە لادانی هەسارۆچکەیەک لە ڕێڕەوەکەی کە ئەگەری پێکدادانی لەگەڵ زەویدا هەبوو.

ئەرکەکە بەوجۆرەبوو کەشتییەکی ئاسمانی بە مەبەست خۆی کێشا بە دیمۆرفۆس ئەو هەسارۆچکەیەی بەرەو زەوی دەهات،ئەوەش یەکەم تاقیکردنەوە بوو لە جیهاندا بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر زەوی بە بەکارهێنانی تەنێک بۆ لادانی ئەستێرەیەکی بچووک کە هیچ مەترسییەک لەسەر زەوی دروست نەکات و دەستکاریکردنی خولگەی ئەو ئەستێرە بچووکە.

کۆنترین بەردبووی دایناسۆر کە لە ئەفریقا دۆزرایەوە

لە هاویندا، پسپۆڕانی بواری دۆزینەوەی پاشماوەی دایناسۆرەکان بە دۆزینەوەیەکی نائاسایی دڵخۆش بوون، دوای ئەوەی زانایانی بواری شوێنەوار کۆنترین دایناسۆریان دۆزیەوە کە تا ئێستا لە ئەفریقا دۆزرابێتەوە.

ئەو بوونەوەرە ناوی لێنراوە  Mbiresaurus raathi، درێژییەکەی نزیکەی شەش پێ بووە و 230 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە زیمبابۆی دەسوڕێتەوە.

شیکاریی بە بەردبووەکە دەرکەوت کە جۆرێکە لە ساورۆپۆدۆمۆرف، لە خێزانی ساورۆپۆد، کە بە چوار قاچەوە دەڕوات و ددانی زەق و گەورە و مل و کلکی درێژی هەیە.

مایکرۆپلاستیک لە هەموو شوێنێک هەیە تەنانەت لەناو جەستەشماندا

کێشەی گەورەی پاشماوەی پلاستیک و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە لەم دواییانەدا زیاتر گرنگی پێدراوە و هاتووەتە بەرچاو.

بە تایبەتی زانایان لێکۆڵینەوەیان لە مایکرۆپلاستیکەکان کردووە – پارچە بچووکەکانی پلاستیک کە تیرەکەیان کەمترە لە 0.2 ئینج (5 ملم) – لە شوێنە زۆر مەحاڵەکاندا هەن تەنانەت گەیشتوونەتە ناو قوڵایی زەریاکان و ناو جەستەی ماسییەکان.

شتێکی نیگەرانکەری دیکە ئەوەیە کە لە ناو جەستەی مرۆڤیشدا مایکرۆپلاستیکەکان دۆزرانەوە دوای ئەوەی زاناکان بۆ یەکەمجار لە خوێنی مرۆڤدا دۆزییانەوە.

توێژەران لە هۆڵەندا نمونەی خوێنیان لە 22 بەخشەری تەندروست و پێگەیشتوو و نەناسراو وەرگرتووە و شیکارییان بۆ کردووە بۆ دۆزینەوەی گەردیلە بچووکەکان بە قەبارەی 0.000002 ئینج، بۆیان دەرکەوت کە لە کۆی 22 خۆبەخش 17  کە دەکاتە (77.2%) مایکرۆپلاستیک لە خوێنیاندا هەیە.

ئەوە دۆزینەوەیەکە کە بە “زۆر نیگەرانکەر”‘ وەسف دەکرێت، هەروەها مایکرۆپلاستیک لە سییەکانی مرۆڤی زیندوودا بۆ یەکەمجار لەمساڵدا دۆزرایەوە.

تا ئێستا نازانرێت مایکرۆپلاستیک چ کاریگەرییەکی لەسەر جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی 2023 و دواتر بە شێوەیەکی جددی بەردەوامن بۆ ئەو مەبەستە.

یەکەم وێنەکانی تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی “جەیمس وێب”

لە هاویندا وروژاندنێکی زۆر دروست بوو، چونکە تەلسکۆپی بۆشایی ئاسمانی نوێی ئاژانسی ناسا “جەیمس وێب” کە پڕۆژەکە تێچووەکەی بڕی 10 ملیار دۆلار بووە، یەکەم وێنەی گەردوونی سەرەتایی تۆماردەکات.

تەلسکۆپەکە وێنەی سەرسوڕهێنەری گەلەئەستێرەکان و دیاردە نامۆکانی بۆشایی ئاسمانی تۆمارکرد. وەک، ئەستێرەیەکی مردوو کە بە تۆز و خۆڵ داپۆشرابوو سەمایەکی گەردوونی تۆز و غوباری ئەستێرە پیرەکان.

ئەم داهێنانە بە رۆژێکی نوێ لە زانستی گەردوونناسیدا دانرا، جەیمس وێب وەک جێنشینی تەلسکۆپی هەبڵ دانرا.

تواناکانی وێب لە تیشکی ژێر سووری سپێکتریمی کارۆموگناتیسیدا بەو مانایەیە کە دەتوانێت “کاتی ڕابردوو ببینێت” لە ماوەی تەنها 100-200 ملیۆن ساڵ لە تەقینەوە گەورەکەدا، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات وێنەی یەکەمین ئەستێرەکان بگرێت کە زیاتر لە 13.5 ملیار ساڵ لەمەوبەر لە گەردووندا درەوشاونەتەوە .

جینۆمی مرۆڤ لە کۆتاییدا تەواو

دوای دوو دەیە لە هەوڵی زانایانی بایۆلۆجی لە ساڵی 2022دا جینۆمی مرۆڤ دواجار بە تەواوی نەخشەی بۆ دانرا.

لە مانگی نیساندا، توێژەران زنجیرەیەکی بێ بۆشایییان لە جینیۆمی مرۆڤ بڵاوکردەوە کە نزیکەی 3 ملیار بنەما یان “زانیاریی” لە DNA ی تاکە کەسێک پێکهاتبوو، ئەوەش دوای 20 ساڵ لە بەرهەمهێنانی یەکەم ڕەشنووسی  پێکهاتەی جینیۆمی مرۆڤ.

زانایان دەڵێن، ڕێکخستنی تەواو و بێ بۆشایی بنەماکانی ناو DNA ی مرۆڤ زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانی بۆماوەیی مرۆڤ و بەشدارییە جینییەکانی مرۆڤ لە نەخۆشییە تایبەتەکاندا.

جگە لە کاریگەرییە پزیشکییەکان، جینۆمی تەواو یارمەتیدەرە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە چی ئێمە دەکاتە مرۆڤێکی بێ کەموکوڕی.

توێژەران پێشنیاریان کردووە کە هەندێک جین کە بۆشایی بوون لە جینۆمی ئەسڵیدا، وا بیردەکرێتەوە کە زۆر گرنگن لە یارمەتیدانی دروستکردنی مێشکێکی گەورەتر لە مرۆڤدا بە بەراورد بە مەیمونەکانی دیکە.

کارەکە لەلایەن کۆمەڵەی تێلۆمێر بۆ تێلۆمێر (T2T) ئەنجامدراوە، کە توێژەرانی پەیمانگای نیشتمانی توێژینەوەی جینۆمی مرۆڤ (NHGRI)، زانکۆی کالیفۆرنیا، سانتا کروز(UCSC)؛ و زانکۆی واشنتۆن لە سیاتڵی لەخۆگرتبوو.

جینۆمی تازە تەواوکراو کە ناوی T2T-CHM13 یە، ئێستا دەتوانرێت لە ڕێگەی وێبگەڕی جینۆمی UCSC بە شێوەی ئۆنلاین ببینرێت.

بابەتی پێشتر

سێ ئەرجەنتینی کاندیدن بۆ پۆستی ڕاهێنەری بەڕازیل

بابەتی دواتر

بۆ خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە رۆژێکدا چەند خوێ بەکاربهێنین؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share