پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەسەر دۆسیەی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک حەوت کەس دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تۆماركرد كەوا كچەكەی دیارنەماوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دەركەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەكییەوە لە تیكتۆك كچەكە ماڵی بەجێهێشتووە و لەترسا هەڵاتووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پاش ئەوەی پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەسپێكرد، سەرەتا توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە ڤیدیۆكەیان بڵاوكردبوووە، دواتر لە ماوەیەكی كەمدا كچە ونبووەكە دۆزرایەوە و دەركەوت لە ماوەی دیارنەمانیدا لەلایەن پێنج تۆمەتبارەوە فڕێندراوە و لەناو شوقەیەكدا دەستبەسەركراوە و دەستدرێژی سێكسییان كردۆتە سەر، لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی توانرا ئەو تۆمەتبارانەی تر بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن”.
ئاشکراشی کرد، “لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەناوەكانی ب، خ، ن لە دایكبووی 2005، م ، ر ، م لە دایكبووی 2002، م ، م ، ق لە دایكبووی 1999 ، گ ، م ، م لە دایكبووی 1988، ب،ب، ح لەدایكبووی 1995 ، چ ، ع ، ح لەدایكبووی 1993، ر ، س، س لە دایكبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 430 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردوامە و دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا”.
باسی لەوەش کرد، “دوای دۆزینەوەی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، بە بڕیاری بەڕێز دادوەر كچەكە رەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ چارەسەری پزیشكی و پشكنینی پێویست لەو بارەیەوە، لە ئێستاشداو بە بڕیاری بەڕێز دادوەر رەوانەی خانەی داڵدەدان لە سلێمانی كراوە”.