وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، هێزەکانی پۆلیسی گومرگی فڕۆکەخانەی نەجەف کەسێکیان دەستگیرکردووە کە بەنیازبووە بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە دراوی بیانی بباتە دەرەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، “مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی گومرگ لەناو فڕۆکەخانەی نەجەف توانیویانە گەشتیارێک دەستگیربکەن کە بڕی 72 هەزار و 660 دۆلاری ئەمریکی و 296 هەزار وونی کۆریای باشووری پێبووە”.
باسی لەوەش کرد، “گەشتیارەکە ویستوویەتی ئەو بڕە پارەیە بگەیەنێتە کۆریای باشوور بە هێڵێ ئاسمانی قەتەری لە رێگەی گەشتێکی ترانزێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ناردنە دەرەوەی ئەو بڕە پارەیە لە دراوی بیانی پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراقە”.
ئاشکراشیکرد، “لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە و دۆسیەکەی رەوانەی دادوەر کراوە”.