عێراق 50%ـی ئاوی گەنجینەکراوی لەدەستداوە

بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی ئاوی عێراق ئاشکرایکردووە، عێراق ڕێژەی 50%ی ئاوی گەنجینەکراوی لەدەستداوە، هۆکارەکەشی بۆ وشکبوونەوە و دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێتەوە.

حاتەم حەمید بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، لەدەستدانی ئاوی گەنجینەکراوی وڵات لە وەرزی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، هەروەها باران بارین لەم وەرزەدا زۆر کەمە و وەک پێویست نییە.

وتیشی، “لەدەستدانی 50%ـی ئاوی گەنجینەکراوی عێراق کاریگەریی خراپی لەسەر پلانی کشتوکاڵ، هەروەها کەمبوونەوەی بەڕێژەی 50% کاریگەریی خراپی لەسەر داهاتی ئاوی عێراق دەبێت”.

ئاماژەی بەوەکردووە، “پلانی زستانی ئەمساڵمان ئەوەیە گرنگیی بە ئاوی خواردنەوە و بوژانەوەی 50%ی کشتوکاڵ بدەین، هەروەها دەبێت هەوڵبدەین بۆ چارەسەری خێرا بۆ دەرچوون لەو قەیرانە”.

قەیرانی ئاو لە عێراق بەهۆی کەمیی باران بارین و وشکبوونەوە بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق پێنجەم وڵاتە لەجیهاندا کە کاریگەریی گۆرانکارییەکانی ئاووهەوای لەسەرە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share