مەسرور بارزانی: هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک

مەسرور بارزانی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە لە پەیامێكدا دەڵێت، “بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێت بژێویی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانوی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵی تێکدان و سوتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن”.

لە پەیامێكیدا بەهۆی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەمشەو دووشەممە 7ی كانونی یەكەم ڕایگەیاندووە، “لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێویی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان هەوڵی تێکدان و سوتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وتووە، “بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاوڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و شارستانییانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک”.

“بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەگەڵ پاراستنی گیانی گشت هاوڵاتییان، بە خۆپێشاندەرانیشەوە، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر توندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕوبەڕووی یاسا بکەنەوە”، وەك لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت هاتووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامی و قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە ئەرکی هەموومانە”.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا سزای بۆ 14 بەرپرسی چینی دەركرد

بابەتی دواتر

چین: ئەم وڵاتانە كۆرۆنایان بۆ ناردین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینی و 100 دۆلار بە 152…
Total
0
Share