وتەبێژی وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت، كارەبای ماڵان لە سبەینێوە لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 كەمدەكرێتەوە و دەشڵێت، گوشارێكی زۆرمان لەسەرە و بە ناچاری ئەو بڕیارە دراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم لە زاری ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم بڵاویكردووەتەوە، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەمدەكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، “گوشارێكی زۆرمان لەسەرە و بەرهەمهێنانی كارەبامان 3400 مێگاواتە، بەڵام ئێستا خواست بۆ 6500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، بۆیە بە ناچاری كارەبا لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەمدەكەینەوە”.
وتیشی، “ساڵی ڕابردوو بە ناچاری هەمان ِرێگامان گرتەبەر و تا وەكو كۆتایی مانگی شوبات بەردەوامبووین، بۆیە پێشبینیدەكەین ئەمساڵیش تا وەكو كۆتایی مانگی شوبات بەو جۆرە بێت”.