دڵێك كە لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە بەخشراوە، ژیانی باوكی سێ كچ رزگاردەكات و تائێستا 32 ساڵ تەمەنی زیادەی پێبەخشیوە، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەیەكی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە دۆخێكی تەندروستیی دژواردابوو و چەند مانگێك لە چاوەڕوانی بەخشەردا بوو.
پیتەر فریكە، بەر لە 32 ساڵ و بە دیاریكراویش لە 27ی كانونی یەكەمی 1990دا دڵە نوێیەكەی لە بەخشەرە نەناسراوەكەوە پێگەیشت. فریكە، كە باوكی سێ كچ-ە، لە تەمەنی 35 ساڵیدا بوو كاتێك پزیشكان پێیانوت پێویستە دڵی بگۆڕێت، بۆیە چەندین مانگ لە چاوەڕوانیی كەسێكدا بوو دڵی پێببەخشێت.
كاتێك فریكە لە نەخۆشخانەی فینزنز-ی شاری هانۆڤەر بوو، پەرستارێك پێیڕاگەیاند پێویستە بچێتە ژووری نەشتەرگەری، چونكە دڵێكی نوێی بۆ پەیداكراوە. فریكە دوای نەشتەرگەرییەكە زۆر بە زوویی چاكبووەوە، بەهەمان خێرایی تووشبوونی بە هەوكردنی ماسولكەی دڵ.
فریكە ئێستا تەمەنی 67 ساڵە، بەردەوام لە 27ی كانونی دووەمدا ئاهەنگ دەگێڕێت، وەك بۆنەی لەدایكبوونی دووەمی.
دەربارەی بەخشەری دڵەكەی، فریكە دەڵێت، “گرنگیم بە زانیاری لەبارەیەوە نەداوە، نەشمزانیوە پیاوە یان ژن، بەڵام ئەوەی گرنگە بەلامەوە ئەوەیە كە بەخشەر و خێزانەكەی كارێكی مەزنیان ئەنجامدا، بە بەردەوام خۆم بە قەرزاریان دەزانم، چونكە 32 ساڵی زیادەیان بە ژیانم بەخشی”.
لە رووی یاساییەوە، ناكرێت ئەندامەكانی جەستە بە كەسانی دیكە ببەخشرێت، تەنها دوای مردن نەبێت، لەگەڵ رەزامەندیداندا بەر لە مردن، كە دەریبخات لەسەر خواستی خۆی بووە، یان ئەگەر كەسوكارە نزیكەكانی رێگەبدەن.
سەبارەت بەو نەخۆشانەی نەشتەرگەریی چاندنی دڵیان بۆ دەكرێت، ساڵی یەكەمی پاش نەشتەرگەرییەكە بە دژوارترین دادەنرێت.