تەندروستیی دهۆك: تووشبوون بە كۆرۆنا 12%یە و ڕوو لە زیادبوونە

ماوەی نزیكەی سێ هەفتەیە تووشبوون بە كۆرۆنا لە دهۆك زیادیكردووە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگاكە دەڵێت، تووشبوون كە پێشتر لەخوار 10%وە بوو، ئێستا لە 12%یە و ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە ڕەوتی بڵاوبوونەوەكە بە شەپۆلی چوارەم ناودەبات.

ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ماوەی دوو تا سێ هەفتەیە ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە، بەر لە مانگێك ڕێژەكە لەخوار 10% بوو، بەڵام لەماوەی ئەم دوو تا سێ هەفتەیە چووەتە 12% و ڕوو لە زیادبوونە.

ئەوەشی وت، “لەهەمان كاتدا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چارەسەر و هێشتنەوە لە نەخۆشخانەیە، ئەویش زیادبووە”.

ئەفراسیاب موسا دڵنیاییش دەدات لە بەردەستبوونی سەرجەم پێداویستییەكانی وەك بوونی جێگا و كەرەستەی پزیشكی و دەرمانی پێویست بۆ چارەسەركردنی توشبووان.

ڕوونیشیكردەوە، لەئێستادا 184 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی پارێزگاكە هێڵدراونەتەوە و لەو ژمارەیە 48 كەسیان لە بەشی چاودێریی چڕن.

بەپێی وتەی بەرپرسەكەی تەندروستیی دهۆك 26%ی دانیشتووانی پارێزگاكە ڤاكسینیان وەرگرتووە و، لەو ڕێژەیەش 18%یان هەردوو ژەمەكەیان وەرگرتووە.

بابەتی پێشتر

حزبی کۆمۆنیستی چین.. گەورەترین ئەنجومەنی نهێنی لە جیهاندا

بابەتی دواتر

فراكسیۆنە ناڕازییەكان سوورن لەسەر داوای لێبووردنی خودی جەلال پەرێشان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share