کەیسی ساختەکردن بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە و لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی لویس سوارێزی ئورۆگوایی، یانەی یوڤانتۆسی خستووەتە بەردەم لێپێچینەوەی یاسایی.
دادگای پیرۆجیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دووبارە کەیسی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی لویس سوارێزی ئورۆگوایی یاریزانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی زیندووکردەوە.
هاوینی ڕابردوو دوای دەستبەرداربوونی یانەی بەرشلۆنە لە سوارێز، یاریزانەکە نزیکبوو پەیوەندی بە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بکات، بەڵام ناوبراو لە کۆتا ساتەکاندا ئاڕاستەی گۆڕی و یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید سەرکەوتوبوون لە واژووکردنی بۆندەکەی، دواتریش دەرکەوت کە ناوبراو هیچ دەرفەتێکی یاریکردنی لە ئیتاڵیا نەبووە و لە تاقیکردنەوەی زوبانی ئیتاڵیدا ساختەکاری بۆکراوە.
ڕۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، یانەی یوڤانتۆس بەهیچ شێوەیەک مەترسی سزادانی یاسایی لەسەرنییە، بەڵکو بەپێی بەندی یاسایی ژمارە 371 بانگهێشتی فابیۆ پاراتیچی بەڕێوبەری وەرزشیی یانەکە کراوە بۆ بەردەم دادگای پیرۆجیا، لێکۆڵینەوەکانیش لەبارەی گەندەڵیکردنی هیچ ئەندامێکی بیانکۆنێریەوە نەبووە، بەڵکو بەپێی ئەو بەندەی یاساکە لێکۆڵینەوەکان وەک شایەتحاڵێک مامەڵەی لەگەڵ پاراتیچی کردووە، کە ئەوەش چەند دیوێکی هەیە.
یەکەمیان بێدەنگبوونی ناوبراوە لە ساختەکارییەکان، یاخود خۆدزینەوەی لە وەڵامەکان، یاخود بابەتی پەیوەندیکردنی بە بەڕێوبەری زانکۆی پیرۆجیا کە پەیوەندی بە کەیسەکەوە هەیە.
سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی خانمە پیرەکە دڵنیاییدەدات لە بێگەردی یانەکە، بەڵام کەیسەکە لەبەردەم داداورەی باڵای پیرۆجیا تینی سەندووە و لێکۆڵەرەوەکان بە ڕێژەی لەسەدا سەد دەریانخستووە کە سوارێز لە تاقیکردنەوەی زوبانی ئیتاڵی ساختەکاریکردووە و دووپاتیدەکەنەوە، بەهۆی لاوازی یاریزانەکە لە کلتور و زوبانی ئیتاڵیا مەحاڵە بەتەنها توانیبێتی لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی کۆرسەکان بەسەرکەوتوویی تێپەڕبکات.
ڕۆژنامەکان پێشبینیدەکەن، کەیسی سوارێز لەبەردەم دادگای پیرۆجیا وەک کەیسێکی ساختەکاری ماوەیەکی دیکەش بەردەوامی هەبێت و دواتر یانەکانی یوڤانتۆس و زانکۆی پیرۆجیا و خودی سوارێز بکەونە بەر سزای یاسایی.