جیھان لە 1ی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی ڕووەکخۆرەکان دەگێڕێت، تەنها رۆژێکی نەریتی نییە بۆ ئاھەنگگێڕان بەبۆنەی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ڤیگن، بەڵکو رۆژێکە بۆ هاندانی خەڵك بۆ رەچاوکردنی ئەو کێشە تەندروستی و ژینگەییانەی رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە و، دەرفەت دەدات بە خەڵک کە چێشتخانەیەک یان خواردنێک تاقیبکەنەوە کە لەسەر بنەمای سەوزە دروستکراوە.
ئامانجی ئەم رۆژە هاندانی وەرگرتنی سیستمی خۆراكیی رووكییە، لەگەڵ پێداچوونەوە بە گرنگی و سوودەکانی و، کاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ لە لایەک و، ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی لەلایەکی دیکەوە.
لایەنگرانی بزووتنەوەی ڤیگن گۆشتی ئاژەڵ ناخۆن، یان هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵی ناخۆن و ئەمەش ئەوەیە کە جیایان دەکاتەوە لە رووەکخۆرەکان، کە خۆیان لە گۆشت بەدووردەگرن، بەڵام بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەک شیر و هێلکە دەخۆن.
چەندین لێکۆڵینەوە باسیان لە سوودەکانی خۆراکی تەواو سەوزە کردووە، بەوپێیەی دژە ئۆکسانی تێدایە کە مرۆڤ لە نەخۆشی و شێرپەنجە دەپارێزێت، ئاستی شەکری خوێن رێکدەخات، هەروەها لە پەستان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و جەڵتەی مێشک دەتپارێزێت.
خۆراکێکی بێ کۆلیسترۆڵە، هەروەها بەرەنگاریی نەخۆشییەکانی هەرس دەکات، ئەمە جگە لەوەی یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش زۆر بەخێرایی.
ڤیگنەکان دەڵێن، شێوازی ژیانی ڤیگن دۆخی تەندروستیی مرۆڤ سەقامگیردەكات، خۆشگوزەرانی ئاژەڵەکان دەپارێزێت و یارمەتی پاراستنی ژینگە دەدات، دەردانی ئەو گازانەی هۆكارن بۆ قەتیسبوونی گەرما کەمدەکاتەوە و کێشەکانی کەشوهەوا چارەسەردەكات.