مەترسیدارتر لە كۆرۆنا.. شێرپەنجەیەك ڕەحم بە ژنانی جیهان ناكات

بەگوێرەی نوێترین ئامار، ڕۆژانە لە نەیجیریا لانی كەم 26 ژن بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە گیان لەدەست دەدەن، لەكاتێدا گیان لە دەستدان بە كۆرۆنا لە لە مانگی تشرینی یەكەمدا لەو وڵاتە ڕۆژانە لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێپەڕی نەكردووە.

دكتۆر زەینەب شینگاڤی، دامەزرێنەری ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی شێرپەنجە لە نەیجیریا  29ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “لە جیهاندا زیاتر لە 36 ملیۆن و 59 هەزار ژن لەژێر مەترسیی توشبووندان بە شێرپەنجەی ملی منالدان”.

ئەو پزیشكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “لە نەیجیریا ڕۆژانە شێرپەنجەی ملی منداڵدان ژیانی 26 ژن كۆتایی پێدێنێت، كە خاوەنی بەرزترین ڕێژەیە لە ئەفریقا”.

نەشیشاردەوە، دەتوانرێت ئەو جۆرە شێرپەنجەیە لەناوببرێت لەڕێی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی گرێ.

بەگوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، شێرپەنجەی ملی منداڵدان چوارەم جۆری شێرپەنجە كە زۆرترین ژن لە جیهاندا تووشی بوون.


ئامارەكان مەترسیدارن
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان، لە ساڵی 2018دا لە جیهان 311 هەزار ژن بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 85%ی ئەو ژنانە لەو وڵاتانە بوون كە داهاتی تاك تیایاندا نزمە یان مامناوەندە، لە هەمان سالدا 570 هەزار كەسی نوێ توشی هەمان شێرپەنجە بوون.

پزیشكان و شارەزایان دەڵێن، باشییەكی ئەو شێرپەنجەیە لەوەدایە كە دەكرێت كەسی توشبوو بە خۆپارێزی و وەرگرتنی چارەسەر چاكببێتەوە و تێیپەڕێنێت.

بەڵام پرسیارەكە لەوێدایە بۆچی ژنان هێشتا قوربانیی گەورەی ئەو شێرپەنجەیەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە باس لە هۆكارەكانی توشبوونی بكرێت، سەرجەم حاڵەتەكانی توشبوون بەو شێرپەنجەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆسی “گرێی ژێر پێست” كە بە پیسترین نەخۆشی گوازراوە دادەنرێت، لەڕێی “سێكس كردن”ەوە ژنان تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەكات.

بۆ ڕێگری لە توشبوونیش دەبێت ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی “گرێی ژێر پێست” لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە وەربگیرێت بۆ ئەوانەی مەترسیی توشبوونیان لەسەرە، كە ئەو ڕێكاری چارەسەر لە بەشێك لە وڵاتانی ئەفریقا گیراوەتەبەر.

هەندێك وڵات هەن دەیانەوێت ئەو شێرپەنجەیە بنبڕ بكەن
لە ساڵی 2018 توێژەرانی ئوسترالیا دژی شێرپەنجەی ملی منالدان پلانێكیان ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەماوەی 20 ساڵی داهاتوودا ئەو شێرپەنجەیە وەك نەخۆشییەكی كێشەدار لە وڵاتەكەدا تەماشا نەكرێت.

لەو پلانەدا پیشبینی ئەوە كرا، تا ساڵی 2022 ڕێژەی توشبوون كەمبكرێتەوە بۆ شەش حاڵەت بۆ هەر 100 هەزار ژنێك.

لە ساڵی 2007دا ئوسترالیا یەكەم وڵات بوو لەڕوی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی “گرێی ژێر پێست HPV”.

شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان
لە هەرێمی كوردستان ساڵانە ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا ئاشكرا دەكرێن، لە پۆلێنكردنی جۆرەكانی شێرپەنجە لە پلەی یەكەمدا شێرپەنجەی مەمك دێت و لە پلەی دووەمدا شێرپەنجەی قۆڵۆن و پلەی سێیەمیش شێرپەنجەی كۆئەندامی هەناسە.

بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم كە لە 4ی شوباتی ئەمساڵ كە ڕۆژی جیهانی ڕوبەڕوبوونەوەی شێرپەنجەیە بلاوكراوەتەوە، لە ساڵی 2019دا ژمارەی توشبووانی شێرپەنجە گەیشتووەتە 6 هەزار و 934 توشبوو، لەو ژمارەیەش، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هەزار و 514 حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراوە.

لەدوای شێرپەنجەی مەمکیش شێرپەنجەی قۆڵۆن دێت، کە ژمارەی توشبووان 591 کەسە، دوای ئەویش جۆری سێیەم دێت، شێرپەنجەی سییەکان کە 520 توشبووی لە ساڵی 2019 دا تۆمارکراوە.

بەبێ ئەوەی باس لە ئامارەكانی شێرپەنجەی منداڵدان كرابێت، یان هەرجۆرێكی دیكەی شێرپەنجە.

بابەتی پێشتر

لە گوندێكی باكووری كوردستان یەدەگی زێڕ دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

بەبێ ڕەزامەندی كورد پرۆژەیاسای قەرزكردن پەسەندكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share