بەشێک لە گەنجانی شاری سلێمانی 29 ساڵ پێش ئێستا لە کاتێکدا ناوچەکە جەنگ بەرۆکی گرتبوو، کۆمەڵێک گەنجی شاری سلێمانی لە ڕۆژی 5 ی کانونی یەکەمی ساڵی 1991 ەوە بڕیاریاندا لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی مانبگرن و داواکارییەکانیان پێشکەشی ئەو ڕێکخراوە بکەن.
سەرەتا چەند گەنجێک خەباتە مەدەنییەکەیان دەستپێکرد، دواتر ئەم مانگرتن و داواکارییە لە ڕۆژانی دیکەدا بووە جۆرێک لە فێستیڤاڵ و گۆرانی و خوێندنەوەی شیعر و داواکاری مەدەنی تێکەوت و جگە لە سلێمانیش لە بەشێکی دیکەی شارەکانی هەرێم هەمان گردبوونەوە دروستکرا.
گردبوونەوەکەی سلێمانی دواتر ناوینرا مانگرتنەکەی سلێمانی و لەلایەن چەند گەنجێکەوە کە دیارترنیان نەورۆزی مانگر و کامەرانی مانگر بوون دەستیپێکرد و ئەو گەنجانە لەبەردەم بارەگای نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی دوایان دەکرد بڕیاری 688 ی نەتەوەیەکگرتووەکان بسەپێنرێت، بۆ دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی کوردەکان.
مانگرتوان داوایان دەکرد، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری 688 ی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە، کە بەرەو سنور بەڕێکەوتبوون و دابەشبوبون بەسەر ئێران و تورکیادا و بەشێکیشیان لەسەر سنورەکان مابوونەوە.
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە مانگرتن بەردەوام بوون، تاكو سەدرەدین خان نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بە دەنگەوە هاتوو لەسلێمانی و هەولێریش بەڵێنیدا هەموو داخوازیەكانیان بگەیەنێتە نەتەوە یەكگرتووەكان
لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتی کورد، بەتایبەت مام جەلال و نەوشیروان مستەفا پشتگرییەکی تەواوی مانگرتوانیان دەکرد.
بڕیاری 688 چییە؟
لەرۆژی 5/4/1991 دا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگ و مێژوویی بە ژمارە (688 ) دەرکرد بۆ پاراستنی کورد لە هێرش و هەڕەشەکانی رژێمی عێراق بەسەرۆکایەتی سەدام حسێن.
له دانیشتنی ژمارە (2982 ) ئەنجومەنی ئاسایش به زۆرینەی 10 دهنگ بڕیاری (688 )ی دەرکردو تەنیا سێ وڵات لەگەڵ بڕیارەکە نەبوون ئەوانیش بریتی بوون لە(زیمبابۆی و کوبا و یهمهن) دوو ئهندامیش کە (چین و هیند) بوون بێلایەن بوون.
ئەم بڕیارە بەتەنها بریتی نەبوو لە پاراستنی کورد لە هەڕەشەکانی سەدام لەعێراقدا، بەڵکو هێڵێکی جیاکەرەوەشی لەنێوان کوردستان و بەشەکانی تری عێراق دروستکرد کە بە هێڵی 36 ناسراوە، بەوەش کورد تاڕادەیەک لەمەترسیەکانی سەدام رزگاری بوو کۆتایی بەدەسەڵاتی حکومەتی عێراق لەناوچە کوردییەکان هات.