بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە، دەوامی خوێندنگەكان تا كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ بێت و جەختیشدەكاتەوە بە هیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە پشووی هاوین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە نەمێنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە هەندێك پەیچ و سایت بڵاوكراوەتەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لێدوانی داوە كە گوایە دەوامی خوێندنگەكان تا دوای كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ بێت و پشووی هاوین نەمێنێت كە بە هیچ شێوەیەك دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لێدوانی بۆ ئەو پەیجە نەداوە و ناشیانناسێت، و گشت ئەو لێدوانانەی كە بەڕێوەبەری گشتی دەیدات لە سایت و پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڵاودەكرێنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “مامۆستایان و فەرمانبەران ئاگادار دەكەینەوە كە بەڕێوەبەری گشتی هەر لێدوانێك بدات لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتییمان بڵاودەكرێنەوە و هیوادارین مامۆستایان ئاگاداری ئەو حاڵەتە بن”.