بەپێی ڕاپرسییەك لەبارەی هەست كە دامەزراوەیەكی توێژینەوەی ئەمریكی ئەنجامیداوە ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی لە ڕیزبەندی دە یەكەمی ئەو وڵاتانەی جیهاندان كە بەدەست هەستی نەرێنییەوە دەناڵێنن.
ڕاپرسی هەستەكان بۆ ساڵی 2022 لە نزیكەی 122 وڵاتدا ئەنجامدراوە، نزیكەی 127 هەزار كەس كە لە تەمەنی 15 ساڵ و سەرووتردان لە ساڵی 2021دا تا ئازاری ڕابردوو بەشدارییان تیاكردووە.
ڕاپرسییەكە چەند خاڵێكی لەخۆگرتووە لەوانە پرسیار لە بەشداربووان، ڕووبەڕوو بووبێت یان لەڕێی تەلەفۆنەوە، دەربارەی هەستی ئەرێنی و هەستی نەرێنی و نیگەرانی و ئەودوای هەستەكانی دیكە.
ڕاپرسییەكە ئەفغانستان-ی لە ڕیزبەندی یەكەمی لیستی وڵاتاندا داناوە كە خاوەن كەمترین هەستی ئەرێنییە، بەدوایدا، لوبنان، توركیا، میسر، نیپاڵ، تونس، ئوردن، بەنگلادیش، جەزائیر و ئۆكرانیا دێن.
هەرچی باشترین وڵاتانە لە هەستی ئەرێنی، پەنەما لە ڕیزبەندی یەكەمە، بەدوایدا ئیندۆنیسیا و ئۆرۆگراوی دێن.
سەبارەت بە هەستی نەرێنی بەهەمان شێوە ئەفغانستان یەكەمە، بەدوایدا لوبنان، عێراق، سیرالیۆن، ئوردن، توركیا، بەنگلادیش، ئیكوادۆر، گینیا و بینین دێن.
لە بەرامبەردا كازاخستان كەمترین هەستی نەرێنی لەسەر ئاستی جیهان تیایە، بەدوایدا تایوان، كۆسۆڤۆ لە پلەی دووەم و سێیەمدا دێن.
بەپێی ڕاپرسییەكە ساڵی 2021 خاوەن زۆرترین هەستی نەرێنی بووە لە جیهاندا بەراورد بە ساڵانی دیكە، تیایدا ڕێژەی نیگەرانی، بێزاری، توڕەیی، دوودڵی و ئازار بەرزبووەتەوە و خەڵك ڕۆژانە هەستیان پێكردوون.
ئەوەش بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێنێتەوە لەوانە، جەنگ، هەڵاوسان و دەركەوتنی پەتای كۆرۆنا.
ڕاپرسییەكە دەڵێت، زۆر شت هەیە كە وادەكات خەڵك بێزار بێت، بەڵام لە هۆكارە زۆر كاریگەرەكان، هەژاری، كۆمەڵگای خراپ، برسێتی و هەستكردنە بەتەنیایی.