ئاسایشی گەرمیان، دەستگیركردنی كەسێكی ڕاگەیاند و دەڵێت، “لەسەر هەڕەشەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە” بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند، تۆمەتبارێك بە ناوی (ب. ح. ع) دوای ئەوەی لە ڕێگەی فەیسبووکەوە هەڕەشەی لە کچێک کردبوو، دەستگیركرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی گەرمیان، پاش تۆمارکردنی سکاڵا لە بەشی ئایتی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان و “لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان، بەدواداچوون بۆ کەیسەکە کراوە تۆمەتبارەكە بە ماددەی 2ی خراپبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان” دەستگیركراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان دەڵێت، ئەو كەسە بە بڕیاری دادوەر لە لایەن بەشی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە دەستگیركراوە و “پاش دەستگیرکردنی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئێستا ڕاگیراوە”.