جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەكانی سلێمانی یەك هەفتە مۆڵەت دیاریدەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و کارمەندانی بەشێك لە فەرمانگەکانی سنوورى پارێزگاكەدا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی فەرمانیدا لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنان بكەوێتەكار و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كارئاسانییان بۆ بكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو كۆبوونەوەكەوە وتی، قوباد تاڵەبانی بە بەڕێوەبەرەكانی وتووە “یەک هەفتەتان لەبەردەمە بۆ ڕاییكردنی كارەكان” و ئەوەشی وت، “ئەوەی بە میزاج کاردەکات با بچێتەوە ماڵەوە”.
ئێوە بیانوو بە وەبەرهێنەرەکان دەگرن، بۆیە لێتان قبوڵناکەم وەبەرهێنەران ڕاوبنێن بۆ شارەکانی دیكە، وەك ئەوەی سەرچاوەكە لە زاری جێگری سەرۆك وەزیرانەوە ئاماژەی پێدا.
هەروەك وەرگرتنی پارە و سەرانەی لە وەبەرهێنەران ڕەتكردووەتەوە.
سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەكانیش سەرچاوەكە وتی، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە كە “هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و جوڵەی بازرگانی زیاد دەکات” بۆیە جارێكی دیكە ڕوو لە بەڕێوەبەرەكان وتوویەتی، “لێتان قبوڵناکەم ئەو سستییەی لە سلێمانی هەیە بەردەوام بێت”.