بۆڵۆنیا پرۆسێس لە کەیەوە جێبەجێدەکرێت و لە چ کاتێکدا خوێندکار دەگەڕێتەوە قۆناغی یەک؟

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆڵۆنیا پرۆسێس بۆ خوێندنی زانکۆکان جێبەجێدەکات، ئەوە نارەزایی خوێندکارانی لێکەوتووەتەوە و ئەوان بە زیانی خوێندکاری دەزانن، بەرپرسێکی خوێندنی باڵاش دەڵێت، “خەڵک دژی هەموو شتێکی تازەیە”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بۆڵۆنیا پرۆسێس لە ساڵی 2016وە جێبەجێدەکرێت، هەندێک زانکۆ ساڵانە و هەندێک کۆرسات و هەندێکیش بۆڵۆنیا-ن.

باسی لەوەکرد، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا مەودای فراوانیی جێبەجیکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس کەمبووە و ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرفراوانتر جیبەجێدەکرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختیکردەوە، بۆڵۆنیا پرۆسێس زیانی بۆ خوێندکار نییە تەنها سیستمی خوێندنی زانکۆکان دیاریدەکات، بەڵام ناڕەزایی خوێندکار وەکو ئەو قسەیەیە دەڵێت، “بیستوویانە و نەیانبینیوە”، ئەوان بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی بزانن دەڵێن خراپە خەڵک بەگشتی وایە لە هەموو شتێکی نوێ ناڕازییە.

سەبارەت بەوەی خوێنکار لە بۆڵۆنیا پرۆسێسدا لە ئەگەری کەوتنی لە قۆناغێک دەگەڕێنرێتەوە بۆ قۆناغی یەکەم وتی، “شتی وا بوونی نییە ئەوانە تەنها دەنگۆن، بەهیچ شێوەیەک خوێندکار ناگەڕێتەوە قۆناغی یەک بەهۆی ئەوەی دەرنەچووبێت، ئەو خوێندکارەی هەر دەمینێتەوە لە قۆناغێکدا و هاوڕێکانی دەبنە بۆڵۆنیا پرۆسێس تاقیکردنەوەکەی لەسەر 100 نمرە دەکرێت و دەردەچێت.

باسی لەوەکرد، لە یەک ئەگەردا خوێندکارێک قۆناغەکانی دیکەی تێپەڕاندبیت دەگەڕێنرێتەوە یەک، کە لە زانکۆیەکی دیکەوە کە سیستمی ساڵانەیە گواستنەوە بکات و بچێتە زانکۆیەک کە بۆڵۆنیا پرۆسێسی تێدا جێبەجێدەکرێت ناچار دەبێت بگەڕێتەوە قۆناغی یەک چونکە ئەو دوو سیستمە جیاوازییان زۆرە و دەبێت خوێندکارەکە لە یەکەوە بیخوێنێت.

بۆڵۆنیا پرۆسێس شێوازێکی خوێندنی زانکۆیی و ئەکادیمییە، کە بەشێک لە زانکۆکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیاش پیادەی دەکەن و بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە بەپێی تێگەیشتنی نوێ بۆ پرۆسەی فێرکردن و پێشکەوتنە تێکنۆلۆجییەکان.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک: بێڕێزیکردن چالاکیی مێشک زیاتر دەپارێزێت وەک لە پیاهەڵدان

بابەتی دواتر

ئەندامێکی حەشدی شەعبی تۆمەتبارێک لەناو دادگادا دەکوژێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share