مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بە قەیرانێکی سیاسیدا تێدەپەڕێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات دەکات و نابێت ئەو قەیرانە بەبێ چارەسەر بەردەوامبێت.
مستەفا کازمی لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ڕایگەیاند، “هاوڵاتییانمان هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەن، ئەوە گونجاو نییە ئەو قەیرانە سیاسیە بەردەوامبێت بەبێ هیچ چارەسەرێکی سیاسی، لەکاتێکدا هەڕەشە لە دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئاسایشی وڵات دەکات”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “کلیلی گەیشتن بە چارەسەری قەیرانەکان بە دانیشتنی سەرجەم لایەنەکان دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ”، جەختیکردەوە، عێراق ئێستاش هەلی گەورەی لەبەردەستدایە بۆ گەشەکردنی ئابورییەکەی.
کازمی وتی، “عێراق لەسەروو هەمووانەوەیە، هەموو لایەنەکان دەبێت خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئەم قەیرانە”، “گەل پێویستی بە چاکسازیی خێرا هەیە، دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانی ڕێگایەکی دروستە بۆ گەیشتن بە چارەسەر”.
مستەفا کازمی باسی لەوەکرد، هەندێک لایەن هەوڵدەدەن زمانی بێئومێدی لەناو هاوڵاتییانی عێراقدا بڵاوبکەنەوە، “لەسەر ئێمە پێویستە ڕێگری لەم هەوڵانە بکەین لەڕێگەی سازشکردن بۆ یەکتری و لەدەستنەدانی وڵاتەکەمان بەرەو دۆخی مەترسیدار”.
جەختیکردەوە، “ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆ و گفتۆگۆی زیاتر هەیە”.