چالاكوانێكی هندی كەلوپەلەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەكاتە خانوو

پاشماوەكانی پەتاكە بووەتە مایەی نیگەرانی چالاكوانانی ژینگە

بینیش دیسای، چالاكوانی هند پڕۆژەیەكی نوێی خۆی ئاشكراكرد كە بریتییە لە كۆكردنەوەی پاشماوەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا و خۆڕزگاركردن لە كەمامە بەشێوەیەكی هاوڕێی ژینگە.

لەكاتێكدا جیهان سەرقاڵە بە چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردنی پەتاكە، دیسای (تەمەن 27 ساڵ) بیر لەو زیانانە دەكاتەوە كە پەتاكە دروستیدەكات لەگەڵ كاریگەرییە نەرێنییەكەی بۆ سەر ژینگە.

چالاكوانەكە لە پەیجی خۆیەوە ئاماژەی بە دەستپێكردنی بەرنامەیەكی هاوبەش لەگەڵ كەرتی تایبەت كرد، بۆ كۆكردنەوەی ئەو پاشماوانەی بەكەڵكی بەكارهێنان نەماون، ئامادەییشی نیشاندا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەر دەوڵەتێكی دیكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە.

بەپێی ڕۆژنامەی (واشنتن پۆست) دیسای گەیشتووەتە چارەسەرێكی پێشكەوتوو، كە بریتییە لە كۆكردنەوەی كەلوپەلی خۆپارێزیی و دواتر چارەسەركردن و دانانی لە قاڵبی تایبەت بە خشتی بینا.

چالاكوانەكە بە كردەییش توانی زیاتر لە 40 هەزار خشت لەو ماددانە دروست بكات، ئێستاش دەتوانێت 15 هەزار خشت لە ڕۆژێكدا دروستبكات.

هەروەك بەپێی سایتی یانەی (ڕۆتاری) كە دیسای ئەندامە تیایدا، ئەو گەنجە پێشتریش تاقیكردنەوەی لەسەر دروستكردنی خشت لە ساڵی 2014دا كردووە، كە لە دروستكردنیدا پشتی بە كەلوپەلی بەكارهاتووی جۆراوجۆر بەستووە، ئەوكات توانیویەتی خشتەكە بۆ دروستكردنی نزیكەی 70 خانووی تەواو بەكاربهێنێت، ئەمەش گرنگی ئەو هەنگاوەی لەئێستادا دەربارەی پاشماوەكانی خۆپارێزی كۆرۆنا دەردەخات.

بەپێی سایتەكە دیسای بڕوانامەی لە بواری تەكنەلۆجیای زیندەیی هەیە.

“هیچ شتێك نییە لەم جیهانەدا بێ سوود بێت” دیسای وا دەڵێت.

وتیشی، “خاشاك شتێك نییە لە سروشتدا هەبێت، بەكاربردنی مرۆڤ دروستیدەكات، بۆیە لە بەرپرسیارێتی ئێمەدایە لەناوی ببەین”.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە لەمیانەی گۆڕینی خاشاك بۆ شمەكی بەسود، ژمارەیەكی زۆری هەلی كاریش دێتەدی.

بەپێی هەندێك لە شارەزایان پاشماوەكانی تایبەت بە پەتاكە، تەنها بۆ نمونە كەمامە دەگاتە نزیكەی 129 ملیار دانە لە مانگێكدا، سەرەڕای 65 ملیار جوت دەستكێش.

بەپێی سایتی (NDTV)ی ناوخۆییش پاشماوەكانی پەتاكە تەنها لە هندستان گەیشتووەتە 18 هەزار تۆن لەماوەی نێوان هەردوو مانگی حوزەیران و ئەیلول-دا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پاشماوەی نەخۆشخانەكان لەماوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زیاترە لە دوو كیلۆگرام بۆ هەر قەڕەوێڵەیەك لە تەنها ڕۆژێكدا.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی ئێران بەزۆرینەی دەنگ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پەسەندکرد

بابەتی دواتر

یەكێتی و گۆڕان داوا دەكەن "بەپەلە" وەفدێكی هەرێم بچێتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share