یەكێتی و گۆڕان داوا دەكەن “بەپەلە” وەفدێكی هەرێم بچێتە بەغداد

پێشوازیی هاوسەرۆكانی یەكێتی لە سكرتێری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان – فۆتۆ: بژار دەباغ

پاش كۆبوونەوەی نێوانیان یەكێتی و گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایانكرد، “پێشوازی” لە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی دەکەن، داواش دەكەن “بەپەلە” وەفدێكی هەرێم بچێتە بەغداد

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حزبەدا هاتووە، “ئەمڕۆ یەکشەمە 29ی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابورییەکانی ھەرێم و عێراق، بەتایبەت خراپی بژێویی ژیانی ھاوڵاتییان و موچەخۆرانی ھەرێم، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، “بەدیاریکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە”.

“سەرەڕای جەختکردنەوە، لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم ھەنگاو و بڕیارانەی خوارەوە..

1- بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ڕیشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان، لەھەمانکاتیشدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی 2021ی فیدڕاڵی،2- پێشوازی لە ھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزیی کارگێڕی و دارایی دەکەین، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە 3- زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕوبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبنەوە”.

بابەتی پێشتر

چالاكوانێكی هندی كەلوپەلەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا دەكاتە خانوو

بابەتی دواتر

لەم مانگەدا عێراق ڕۆژانە 2 ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share