دەستەی دەسپاكیی هەرێم:‏ داتاكانی ئێمە قەبارەی ڕاستەقینەی گەندەڵی نین

دەستەی دەسپاكی، ئاماری كەیسەكانی گەندەڵیی خستەڕوو و سەرۆكەكەی دەڵێت، گەندەڵی هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و داوای لە ئەنجومەنی دادوەری كرد “ترسناكیی كەیسەكانی گەندەڵی” بە هەند وەربگرن.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داتا و ئامارەكانی لێكۆڵینەوەكردن لە دۆسیەكانی گەندەڵیی خستەڕوو و ئاشكرایكرد، لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2022 بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، 72 كەسی پلە باڵا و پلە تایبەت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و شەشیان وەزیر بوون، كە زۆرینەیان وەزیری كابینەكانی پێشووی حكومەتن و تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە گەندەڵی.

وتیشی، جگە لەو شەش وەزیرە، یەك پەرلەمانتار، یەك سەرۆكی دەستە، شەش بریكاری وەزیر، 34 بەڕێوەبەری گشتی، پێنج ڕاوێژكار، چوار سەرۆكی فەرمانگە، پارێزگارێك، پێنج قائیمقام و هەشت ئەندامی ئەنجومەن بە تۆمەتی گەندەڵیكردن ڕەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ڕایگەیاند، نزیكەی پێنج ساڵە داوادەكەن دادگایەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی پێكبهێنرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەكراوە و كەیسەكانی گەندەڵی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەبینرێن و بەهۆی نەبوونی دادگایەكی تایبەتەوە، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی دوادەكەوێت.

داواشیكرد ئەنجومەنی دادوەری “ترسناكیی كەیسەكانی گەندەڵی” بە هەند وەربگرن و وتی، “گەندەڵی هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان”.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا كە لە هەولێر ڕێكخرا و پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ئامادەیبوو، ئەحمەد ئەنوەر ئاشكرایكرد، 28 كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی ئیدانەكراون و 12 كەس ئازادكراون و ڕایگەیاند، “بەشێك لە حوكمەكان زۆر سووكن و هەندێكیان ڕاگیراون، ئەوەش لەگەڵ قەبارەی گەندەڵییەكاندا یەكناگرێتەوە” و داوایكرد ڕاگرتنی حوكمەكان نەهێڵدرێت.

بەپێی وتەی ئەحمەد ئەنوەر، ساڵانە زیاتر لە 200 كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن و وتی، “زانیاریی ورد لەبارەی قەبارەی ڕاستەقینەی گەندەڵی لە كوردستان ئاشكرانییە و ئەوەی بڵاودەكرێتەوە، ئەو زانیارییانەن كە بە دەستەی دەسپاكی دەگەن”.

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی وتی، “لە دوو ساڵی ڕابردوودا شارەزایانی ئێن دی پی هەڵسەنگاندیان بۆ دەستەی دەستپاكی كردووە و هەوڵی هاوكاریكردنی دەستەكەیان داوە، تەنانەت ڕاوێژكارێكی ڕێكخراوەكە پێیوتین، ئەوەی ئێوە دەیكەن خۆكوژییە”.

ئەحمەد ئەنوەر بە نیگەرانییەوە باسی لەوە كرد كە لە ساڵی 2016 ـوە تا ساڵی 2021 گۆڕانكاری لە تواناكانی دەستەی دەسپاكی بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی ڕووینەداوە و جەختیكردەوە، “دەبێت دەزگاكانی چاودێری بەهێزبكەن و ئەنجومەنی دادوەری سەربەخۆیانە و بێلایەنانە كاربكات و دادگان بێلایەنانە بڕیاربدەن، حكومەت چاودێریی خۆی بەهێزبكات”.

بابەتی پێشتر

چین: پیلۆسی سەردانی تایوان بكات ئەمریكا باجەكەی دەدات

بابەتی دواتر

لیڤاندۆڤسكی گەڕایەوە بۆ بایرن میونشن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share