هانده‌رانی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریدی ئیسپانی بۆچوونیان له‌باره‌ی کیلیان مباپێی فه‌ره‌نسییه‌وه گۆڕاوه و داوای کڕینی یاریزانێکی دیکه ده‌که‌ن.
ڕۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانی ڕاپرسییه‌کی له‌سه‌ر ئاستی هانده‌رانی مێره‌نگی ئه‌نجامداوه، تیایدا پرسیار ده‌کات: یانه‌ی شاهانه پێویستی به کڕینی کامیانه و هانده‌ران پێیان باشه یانه‌که‌یان کام یاریزانه بکڕێت؟
له وه‌ڵامدا له سه‌دا (64)ی ده‌نگده‌ران ئێرلینگ هالاندی هێرشبه‌ری نه‌رویجی یانه‌ی بوروسیا دۆرتمۆندیان هه‌ڵبژاردووه، له‌سه‌دا (36)ی ده‌نگده‌رانیش کیلیان مباپێی فه‌ره‌نسی هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانت جێرمانیان وه‌ک باشترین بژارده بۆ یانه‌که‌یان دیاریکردووه.
ڕۆژنامه ئیسپانییه‌که دووپاتیده‌کاته‌وه، ئاست به‌رزی ئێرلینگ هالاند سه‌رنجی مه‌دریدێستای ڕاکێشاوه، به شێوه‌یه‌که که له ئێستادا زۆرینه‌یان مباپێیان له‌بیرکردووه و به هێرشبه‌ره زه‌به‌لاحه‌که‌ی ڤیستیڤالیا سه‌رسامبوون.
له باره‌ی هالانده‌وه، مایکڵ زۆرک به‌ڕێوبه‌ری وه‌رزشی دۆرتمۆند ده‌ڵیت،” پلانی درێژخایه‌نمان له‌گه‌ڵ هالاند هه‌یه، ترسیشمان له هه‌وڵی یانه‌کانی دیکه و ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه نییه که له‌باره‌یه‌وه بڵاوده‌کرێنه‌وه”، به‌ڵام زۆرینه‌ی سه‌رچاوه‌کان پێیان وایه دوای ئه‌وه‌ی هاوینی 2022 نرخی شکاندنی بۆنده‌که‌ی ده‌بێته 75 ملیۆن یورۆ، یانه‌کانی ڕیاڵ مه‌درید و به‌رشلۆنه و گه‌وره‌کانی دیکه سه‌رکه‌وتووده‌بن له گواستنه‌وه‌ی.
هالاند له‌م وه‌رزه‌دا له کۆی ١٣ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه 17 گۆڵ و سێ ئه‌سیستی هه‌بووه، له به‌رانبه‌ردا مباپێ 10 یاری کردووه و نۆ گۆڵ و حه‌وت ئه‌سیستی تۆمارکردووه.