یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەرماڵەی سێ مانگی ئەمساڵی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی خەرجنەكراوە لە كاتێكدا پێشتر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەبووە.
دكتۆر پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوابەدوای خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ بۆ دەرماڵە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 121 لە 24 ی 11ی 2021 ڕەزامەندی درا بە تەرخانكردنی پشتیوانیی دارایی بۆ باشتركردنی دۆخی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە دواتر بە گشتاندنی دارایی ژمارە 5ی وەزارەتی دارایی و ئابوری خەرجكردنی دەرماڵەی 40 -60 هەزار دینار بوو بە مافێكی یاسایی لە 1ی 1ی 2022 تاوەكو 30ی 6ی 2022.
ئاشكرایكرد، دەرماڵەی مانگەكانی (1-2-3)دابەشكران، لە ئێستاشدا كە مانگی حەوتە و كۆتایی بەساڵی خوێندن ھاتووە و خوێندكاران لە پشووی ھاویندان، ھێشتا خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی لیستی دەرماڵەكانیان ڕێكارە كارگێڕی و ژمێریارییەكانی تێپەڕاندووە، بەڵام بەھۆی بەردەستنەبوونی پارەی نەختینەی پێویست لە بانك دەرماڵەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە و بەم دواكەوتنە جۆرێك لە بێمتمانەیی لەلای خوێندكاران دروستدەبێت.