ئیدارەی یانەی بایرن میونشن متمانەی بە توانا دارایییەکانی یانەی بەرشلۆنە نییە، بۆیە ئامادە نین دەستبەرداری ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ببن.
ڕافائێل هۆنیگشتاین، ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی بە پۆدکاستی “The Totally Football Show”ی ڕاگەیاندووە، کە بایرن میونشن هیچ ئاسانکارییەک لە گواستنەوەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بۆ یانەی بەرشلۆنە ناکات، هۆکارەکەش بۆ بارودۆخی دارایی یانە ئیسپانییەکە دەگەڕێتەوە کە ئامادە نین بە شێوازی (کاش) واژۆ لەسەر گرێبەستەکە بکەن.
هۆنیگشتاین دەڵێت، “بەڕێوەبەرانی بەرشلۆنە دەیانەوێت بە شێوازی قیست و بە چەند قیستێک پارەی گواستنەوەی لیڤا پێشکەشی بایرن بکەن، بەڵام بەڕێوەبەرانی باڤاری گومانیان لە دۆخی دارایی بارسا هەیە، پێیان وایە ئەگەر ئێستا دەستبەرداری ببن، هەرگیز تەواوکاری قیستەکانیان دەست ناکەوێتەوە، چونکە بەرشلۆنە دوای دوو وەرزی دیکە ڕەنگە مایەپووچبوون ڕابگەیەنێت و لەسەر نەخشەی یانە گەورەکان نەمێنێت.”