گونجاو بۆ نیشتەجێبوون.. نهێنییەكی مەریخ ئاشكرادەكرێت

كەشتییەكی ئاسمانیی ناسا بەڵگەی نوێ لەبارەی بوونی دەریاچە لەسەر هەسارەی مەریخ لە ڕابردوودا ئاشكرادەكات، توێژینەوەیەكی نوێش بەڵگەی نوێ لەبارەی گونجاویی هەسارەكە بۆ نیشتەجێبوون بەر لە ملیارەها ساڵ دەردەخات.

كەشتیی ئاسمانیی (كیوریۆسیتی) بوونی كانزای قوڕین لەسەر شاخی (شارب)ی ئاشكراكرد كە بەرزییەكەی نزیكەی پێنج كیلۆمەترە و بەهۆی ئەو دەریاچە و چەمانەوە دروست بووە کە بە لوتکەی گالی کراتەر-ی مەریخدا دەڕژان، بەپێی ناسا.

بەڵام ئەو چەمانە وشک بوون و بوون بە تەپۆڵکەی خۆڵ و نیشتوو و، ناوچەکە لە “دەوڵەمەند بە قوڕ”ەوە گۆڕاوە بۆ “پڕ كبریتاتی كانزایی خوێی”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئاووهەوای مەریخدا کە ملیارەها ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە.

لەو چێوەیەدا توێژینەوەیەكی نوێ کە لەلایەن سایتی “Science Alert”ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە چەند نیشانەیەک دەكات دەربارەی گونجاویی هەندێك ناوچەی هەسارەی مەریخ بۆ ژیان بە ملیارەها ساڵ لەمەوبەر.

لە رێگەی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیرەوە لەسەر ئەو وێنانەی كە لەلایەن كەشتیی چاودێریی مەریخ (مارس ڕیكۆنیسانس ئۆربیتەر)ەوە گیراوە، زانایان بوونی نیشتووی قوڕیان لە ناوچەكانی سەر هەسارە سوورەكە دۆزیوەتەوە.

قوڕەکە ئاماژەیە بۆ بوونی ئاو بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، تیمی توێژینەوەکە پێیانوایە “ئاو نزیکەی 3.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر تا نزیكەی 2.5 ملیار ساڵ لەسەر هەسارە سوورەكە هەبووە”.

کاسرین وایتز، زانا لە پەیمانگای زانستی هەسارەکان لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەڵێت، “ئەو قوڕانە لە قووڵایی 200 کم هەڵکەوتوون”، کە ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ بوونی دەریاچەیەک لە ژێر ڕووكاری هەسارەكەدا.

توێژەران پێیانوایە کە بارودۆخی ژیان پێشتر لەسەر هەسارەکە تا كاتێكی درەنگ لە مێژووی مەریخدا بەردەست بووە، بەپێی ماڵپەڕی “Science Direct”.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

دوو مووشەك ئاراستەی بنكەیەكی سەربازیی توركیا كرا بەڵام لە نزیك سەنگەرێكی پێشمەرگە كەوتەخوارەوە

بابەتی دواتر

وەزیری دارایی: پێویستمان بە هەنگاوی كرداری هەیە تا داهات زیادبكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share