كازمی: یاسای قەرز هەڵەی تیایە و لە هەوڵی چارەسەركردنیداین

مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یاسای قەرز كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندكرا هەڵەی تیایە و لەگەڵ ئەنجومەندا لە هەوڵی چارەسەركردنیداین.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەم وتی، پێویستە ئەولەویەتی حكومەت بۆ وەبەرهێنان بێت، بەتایبەت پڕۆژە گەورەكان، بەهۆی گرنگی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدان و فەراهەمكردنی هەلی كار و چالاككردنی سەرجەم كەرتە زیندووەكان، بۆ ئەمەش حكومەت كاردەكات لەسەر ئاسانكاری سەرجەم ڕێوشوێنەكان بۆ وەبەرهێنەران.

كازمی وتیشی، “هەندێك كێشە لە یاسای قەرزكردندا هەیە كە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیكرد، بەهۆیەوە هەندێك هەڵەی تێكەوتووە و، كۆبوونەوەكان لەگەڵ ئەنجومەن بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی”.

ئەو وتانەی كازمی ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بوو كە لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەچوو.

“هەندێك كێشە لە یاسای قەرزكردندا هەیە كە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندیكرد”

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە سەرۆكوەزیران ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتەكەی لەگەڵ سەرەتای پێكهێنانیدا “هەنگاوی بۆ زیادكردنی سەرچاوە داراییەكانی دەوڵەت ناوە”، كە پێویستە لە بەرامبەریدا باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هاوڵاتییان بكرێت.

بەرەبەیانی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای کورتهێنانی دارایی پەسەندکرد و تیایدا بڕی قەرزی داواكراو كە لەلایەن حكومەتەوە بە 40 ترلیۆن دینار دیاریكرابوو، بۆ 12 ترلیۆن كەمكرایەوە.

هەروەك بوونی بڕگەیەكی مەرجداری تایبەت بە هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی كوردی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە فراكسیۆنە كوردییەكان لە دانیشتنەكەدا كشانەوە.

بڕگەكە كە جەختدەكاتەوە لەوەی دەبێت حكومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکات بۆ رادەستکردنی نەوت و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ شایستەکانی هەرێم دەنێرێت، جارێكی دیكە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادی هێنایەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی.

بەهۆیەوە ئەمڕۆ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەدوای پەسەندكردنی یاسای قەرزەوە كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغداد دروستبوو، هەروەها فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كردووە”.

وتیشی، “لەكاتێكدا بڕیارە پرۆژەیاسای بودجە بەمزوانە بێتە پەرلەمان، ئەمەش هەمان گفتوگۆ و كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستدەكاتەوە، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان بەلایەوە گرنگە و بە چاكی زانیووە ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارە هەڵببژێرێت تا سەردانی هەولێر بكەن و ڕا و سەرنجی هەرێم سەبارەت بە كێشەكانیان لەگەڵ بەغداد بزانن”.

موسەننا ئەمین ئەوەشی دوپاتكردەوە، مەبەست لە هەنگاوەكە بۆ لێكنزیككردنەوەی تێڕوانینی هەرێم و بەغداد و دروستكردنی جۆرێكە لە ڕێككەوتن، پێش ئەوەی یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی ئەوەیە كە یاسای قەرز چۆن جێبەجێ بكرێت تا پشكی هەرێمی تیا مسۆگەربكرێت.

بابەتی پێشتر

بەهای نەوت دەستی بە بوژانەوە كرد و ڕۆژێكی باشی بەڕێكرد

بابەتی دواتر

ژنە سوتاوەكەی گەرمیان گیانی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share