سەرۆك كۆمار هۆشداری دەدات لە گۆڕانی كەشوهەوا و پڕۆژەی بۆ چارەسەر هەیە

لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، بەرهەم ساڵح سەرۆک كۆماری عێراق هۆشداری دا لە كەمبوونەوەی ئاو و ڕایگەیاند، “پێویستە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بکەینە ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاییندەی وڵاتەکەمان”.

ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی كۆمار دەڵێت، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگە و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونسکۆ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی عێراق کە تایبەتن بە پاراستنی ژینگە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا وەک ئەرکێکی نیشتمانی، چونکە هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاییندەی وڵاتەکەمان، ھەروەک دووپاتیکردەوە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بۆیە پێویستی بە چارەسەری خێرایە، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستیی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کرد لە ڕێگەی پلانی ستراتیژیی نیشتمانی کە بۆ ئەو مەبەستە دارێژراوە، ھاوکات دووپاتیکردەوە لە پێویستیی ھاوبەشیکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوھەوا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، سەرۆک بەرھەم ئەوەشی خستەڕوو کە دانیشتووانی عێراق ئەمڕۆ زیاترن لە 41 ملیۆن هاوڵاتی و دوای 10 ساڵی دیکە دەبنە 52 ملیۆن و لە ساڵی 2050 دا ژمارەی دانیشتووان دەبێتە 80 ملیۆن هاوڵاتی، بۆیە خواست لەسەر ئاو زیاددەکات و لە هەمان کاتدا وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ‎%‎39 خاک و کەمی ئاو دەبێت و بە شێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتەسەر ھەموو وڵات و دەبێتەھۆی لەدەستدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە دا کە پێشبینیدەکرێت کەمبوونەوەی ئاو تا ساڵی 2035 بگاتە 10.8 ملیار مەتر سێجا بەپێی ئەو توێژینەوانەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کردوونی، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات و بەھەڵمبوونی ئاوی بەنداو و نوێنەکردنەوەی ڕێگاکانی ئاودێری.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بەرهەم ئاماژەی بەوە كرد کە پڕۆژەی بووژاندنەوەی خاکی میزۆپۆتامیا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئاڕاستەکراوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، پڕۆژەی ھەموو عێراق و ناوچەکەیە و پشت بە بەرنامە ستراتیژییەکان دەبەستێت کە بریتین لە چاندنی دار و نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی ئاوی دیجلە و فورات، بەرهەمهێنانی وزەی پاک و یەکخستنی پلانە ژینگەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی ھاوئاھەنگیی هاوبەشەوە، چونکە گۆڕانی کەشوھەوا و وشکەساڵی هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر ھەمووان.

ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە دا کە عێراق لەگەڵ هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە دڵی ناوچەکەدا و هه‌مه‌ڕه‌نگیی ژینگەیەکەی لە خورما و زۆنگاو و چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ کۆکردنەوەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی ژینگەییەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە پێویستە پشتیوانییەکی زۆر لە گەنجان بکرێت، تاوەکو کاربکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ھەروەک ئاماژەی بەوە دا کە گەنجانی عێراق هاوکارێکی سەرەکین لە بابەتی پاراستنی ژینگە و دەستپێشخەریی نایابیان هەیە لەم بوارەدا، ھاوکات ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لەو ڕووەوە بەرزنرخاند.

لە کۆتاییدا سەرۆک بەرھەم ئەوەشی خستەڕوو، کە گۆڕانی کەشوھەوا قەیرانێکی جیھانییە و زۆربەی وڵاتانی گرتووەتەوە، بۆیە گرنگە پێکەوە ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببینەوە و کاریگەرییەکانی کەمبکەینەوە، ھەروەھا ڕایگەیاند، ھیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت کە پێیوابێت دەتوانێت بە تەنھا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا ببێتەوە، ھەروەک ئاماژە بەوە دا کە خۆڵبارین و کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەبیابانبوون مەترسیی گەورەن و سنوورەکانیان تێپەڕاندووە، بۆیە تەنھا بە هەماهەنگی و پلاندانانی هاوبەشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی باڵا چارەسەردەکرێن.

بابەتی پێشتر

ڕۆما گواستنەوەی زانیۆلۆی لە میلان ئاڵۆز کردووە

بابەتی دواتر

ڕێبوار تاڵەبانی: بڕیارەكەی دادگای كەركوك تۆڵەكردنەوەی سیاسییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share