پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆسخانەی منداڵانی سلێمانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی سەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە دەدات کە 40%ی منداڵان بەهۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبووەتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە 40% نەخۆشەکان بەوهۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە ئەکرێن،هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد دەکات لەناو منداڵاندا، ئەویش بەهۆی کاریگەریی بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزدا بێت.
دکتۆر پشدەر داوا لە دایکان و باوکان دەکات کە بەبێ ڕاوێژی پزیشک دەرمان و چارەسەر بەکارنەهێنن چونکە حاڵەتەکان و چارەسەرەکانیش جیاوازن.
دەقی نووسینەکەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان
لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە ٤٠٪ نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە ئەکرێن،هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە.
هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن.
لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت.
بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت:
١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە.
٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە.
٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە.
٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن.
٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.
تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارمەهێنە چونکە هۆکارەکان جیاوازن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن.