ئەمریكا نیو ملیار ڤاكسین لە فایزەر دەكڕێت و دەیداتە وڵاتانی هەژار

مەرجەكانی دیاریكردووە

ئەمریكا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر، دەیەوێت نیو ملیار ژەمە ڤاكسینی دژەكۆرۆنای لێبكرێت و بەسەر وڵاتانی هەژاردا دابەشیبكات.

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویكردووەتەوە، ئیدارەكەی جۆ بایدن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكە، كە بەهاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای بایۆنتێك-ی ئەڵمانی ڤاكسینەكەیان بەرهەمهێنا، لەگفتوگۆدایە و پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا رێككەوتنەكە ڕووناكی ببینێت.

ئاژانسەكە لە سەرچاوەكانیەوە گواستویەتیەوە، ئەگەر زۆرە لە سەروبەندی لوتكەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، كە بڕیارە 22ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، جۆ بایدن رێككەوتنی ئیدارەكەی و فایزەر ڕابگەیەنێت بۆ كڕینی ئەو 500 ملیۆن ژەمە ڤاكسینە و دابەشكردنی بەسەر وڵاتانی هەژاردا.

ئەمریكا دوای كڕینی ئەو بڕە ڤاكسینە، لەڕێگەی بەرنامەی كۆڤاكسەوە دابەشیدەكات بەسەر ئەو وڵاتانەی پێویستیان پێیەتی.

پێشتر و لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەهەمانشێوە ئیدارەی ئەمریكا ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی لەگەڵ فایزەر واژوو كرد، بەڵام نیگەرانە لەوەی گەیاندنی ڤاكسین بە وڵاتانی هەژاری بەشدار لە كۆڤاكس، بەشێوەیەكی سست بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە 22ی ئەم مانگە، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە ئۆنلاین لوتكەیەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بەڕێوەبچێت، لوتكەكە بە دەستپێشخەریی بایدن بووە و هەر خۆشی سەرۆكایەتیی دەكات.

بابەتی پێشتر

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریكا كەمیكردووە

بابەتی دواتر

چیرۆكی بەرزكردنەوەی كەوچك لای فەڵەستینییەكان چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share