بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین کۆنگرەشمان بکردایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو

 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دیداری یەکێتی ڕایگەیاند، پێویستیان بە دیدارێکی لەمجۆرە هەبووە، لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆرە پرسیاری قورسیان لە خۆیان نەکردووە سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق و سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستان.

ئەمڕۆ 28ی ئایاری 2022 دیداری یەکێتی لەژێر دروشمی “نوێبوونەوە و چاکسازی” دەستیپێکرد، دیدارەکە چوار ڕۆژ دەخایەنێت ، لە بارەی ئەنجامدانی دیدارەکەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ” ئەگەر باشترین و ڕێکوپێکترین و بێ کەموکوڕیترین کۆنگرەشمان بکردایە من پێموایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو”.

وتیشی، ئەم دیدارە دەبێتە تەواوکەری کۆنگرەی یەکێتی، لەبەرئەوەی چەند ساڵێکی زۆربوو کۆنگرەی یەکێتی نەبەسترابوو، بۆیە بیرکردنەوەیەکی ناواقعی بوو ئەگەر چاوەڕێمان بکردایە بە یەک کۆنگرە سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی دیداری یەکێتی کردەوە و ئاشکرایکرد، “زۆر دەمێکە ئێمە بەیەکەوە دانەنیشتووین کە پرسیاری قورس لەخۆمان بکەین بۆچی دۆخی هەرێمی کوردستان وایە؟ بۆچی عێراق و پارجەکانی دیکەی کوردستان دۆخیان بەمجۆرەیە؟، بۆیە ئەم دیدارە گرنگە و دەبوو ئەو پرسیارانە لەخۆمان بکەین”.

سەبارەت بە نیگەرانی بەشێک لە ئەندامانی حزبەکە لە ئەگەری پشتگوێخستنیان بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “ئەگەر کادیرە بەئەزموونەکانمان وابیردەکەنەوە کە پشتگوێدەخرێن ئەوە هەڵەی ئێمەیە کە نەمانتوانیوە تێیانبگەیەنین چەند پێویستمان بە ئەزموونەکەیانە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەو پرسیارەشدا باسی لەوەکرد، کە حەزی لەوە نییە کە ئەوترێت یەکێتیی تازە وتی، “با وابکەین یەکێتی ببێتەوە یەکێتیی مام جەلال، ببێتەوە بە یەکێتیی ئێمە”.

هەر سەبارەت بە کادیرە بەئەزموونەکانی یەکێتی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگی ڕۆڵی گەنجان و ژنان و وتی، بەوە دەتوانین “زیاتر یەکێتی ببەینە پێشەوە ناڵێم بیبەینە پێشەوە چونکە بردوومانەتە پێشەوە، بەڵکو ئەڵێم زیاتر بیبەینە پێشەوە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی لە هاودەنگی یەکێتی و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد بەرامبەر هەڵبژاردن وتی، “ڕوونە کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم حزبەکان جگە لە یەک یان دوو حزب ناڕازین لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو یەکێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمانمان هەیە، پاشکۆی هیچ لایەنێک و هیچ وڵاتێک نابین”.

خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی ڕای زۆرینەی حزنەکان وەکو یەکێتییە و لە دانیشتنیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە توانیویانە لە کیشەکانی هەڵبژاردن تێبگەن.

ئەوەشی ئاشکراکرد، “ئێمە ئەوە دەزانین کە بەهۆی کێشەکانی ناوخۆمان هەڵەمان هەبووە بۆ هەندێک لە بابەتەکان کارمان نەکردووە، بەڵام دڵنیابن یەکێتیی ئەمڕۆ ئەو یەکێتییەیە کە کاردەکات بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە یەکەمجار دواتر بۆ حزبەکەی خۆی”.

داوا لە حزبەکان دەکات کە ئەگەر لە حوکمڕانی ناڕازین “بێنەپێشەوە تاوەکو چەترێک دروستبکەین بۆئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا گۆرانکاریی ڕاستەقینە دروستبکەین لە حوکمڕانیی کوردستان”.

لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکرد، “ئەوەی من تێگەیشتم لە کۆبوونەوەکە ئەوەبوو نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لەوەی لایەنە کوردییەکان گفتوگۆ ناکەن لەگەڵ یەکتر، ئەوان بەبیانووی هەڵبژاردن ئێمەیان کۆکردەوە، بزانن ئەوە چەند خراپە ئێمە پێویستمان بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت بێن کوردەکان کۆبکەنەوە”.

بەوتەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، “پێشنیار کراوە لە 9ی حوزەیران کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت”.

بابەتی پێشتر

چامپیۆنز لیگ.. ئەمشەو یاریی كۆتایی بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

عێراق: پێدانی كارەبا دەگاتە 20 كاتژمێری ڕۆژانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share