تەندروستیی جیهانی: بەهەڵە بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیک ڕەنگە کوشندەبێت

پسپۆڕێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، گەرچی ئەنتیبایۆتیک یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی مرۆڤ لە بواری پزیشکیدا، بەڵام دەکرێت بەهەڵە بەکارهێنانی ببێتە هۆی مردن.

مەها تەڵعەت پزیشک و ڕاوێژکاری هەرێمی بۆ بەرەنگاریی دژەمیکرۆبەکان لە ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕایگەیاندووە، مەترسییەکە لە بەکارهێنانی هەڵەی ئەنتیبایۆتیک و زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانیدایە.

ئەم زیادەڕەوییەی بەکارهێنان، بواری بە بەکتریاکانداوە بەرگریی دژ بە ئەنتیبایۆتیک پەیدابکەن.

کاتێک ئەم بەکتریایانە دەگوێزرێنەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە، پزیشکان ناتوانن دەرمانی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی هەڵبژێرن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە، ئەم پرسی پەیداکردنی بەرگرییە لەلایەن بەکتریاکانەوە، یەکێکە لەو 10 مەترسییەی هەڕەشەن بۆ سەر تەندروستیی گشتی و مرۆڤایەتی، چونکە بەردەوامبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە ڕەنگە مرۆڤایەتی بگەڕێنێنێتەوە بۆ سەردەمی پێش دۆزینەوەی ئەنتیبایۆتیک.

بەهۆی ئەوەوە میکرۆبەکان بەرگرییان دژ بە ئەنتیبایۆتیک پەیداکردووە، سەرکەوتنی نەشتەرگەرییە گەورەکان و چارەسەریی کیمیایی شێرپەنجە بووەتە کارێکی دژوار.

مەها تەڵعەت ئاماژەی بەوەداوە، هەر جۆرە پەتایەک ستراتیژێکی تایبەتی خۆی هەیە بۆ چارەسەر، کە جۆری ئەنتیبایۆتیک و ڕێژەی گونجاویشی دەگرێتەوە و دەبێت پزیشکی چارەسەرکەر دیاریبکات، بۆیە بە هیچ جۆرێک نابێت کەسی توشبوو لەخۆیەوە ئەنتیبایۆتیک بەکاربهێنێت.

پزیشکەکەی تەندروستیی جیهانی ڕوونیکردووەتەوە، مەترسییەکە لە شێوازی بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیکدایە، بە جۆرێک ڕێگە بە ڕاهاتن و پەیدابوونی بەرگریبدات لە بەکتریاکاندا.

بە لایەکی دیکەشدا، ئەم بەکتریایانە لە خاک و خواردنەکان و ئاویشدا هەن، لەم حاڵەتەدا خۆراک و ژینگە و ڕووەکیش دەبنە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ.

لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەیدابوونی بەرگری لە بەکتریا و میکرۆبەکاندا، زیادەڕەوی و بەهەڵە بەکارهێنانی ئەنتیبایۆتیکەکانە، ئەمە جگە لە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی ئاژەڵ و مرۆڤ، لاوازیی خۆپاراستن لە پەتا و نەخۆشییە درمەکان و کەمیی ڕێکارەکانی چارەسەر لە بنکە تەندروستییەکان.

پەیدابوونی بەرگری لە بەکتریاکاندا، واتە دروستبوونی بارودۆخێک تێیدا پەتایەک چارەسەر نەکرێت، لەکاتێکدا لە نەبوونی ئەم بەرگرییەدا دەکرا بە ئاسانی چارەسەربکرێت.

پزیشکەکە لە کۆتاییدا گوتوویەتی، “ئەنتیبایۆتیک بەکتریا لەناودەبات، بەڵام بۆ نمونە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ڤایرۆسەکانی هەڵامەت و ئەنفلۆنزادا نییە” و ئاماژەی بەوەداوە، زۆربەی جار ئەم دەرمانانە بە هەڵە بۆ کەسانێک دەنووسرێن کە سوودیان لێنابینن، یان بەبێ سەرپەرشتیی پزیشک بەکاردەهێنرێن و زیان دەگەیەنن.

بابەتی پێشتر

هەسەدە وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە

بابەتی دواتر

سەركردەیەكی حەشدی شەعبی لە حەمرین كوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share